Apora Logo

زێڕ و زیو ریکۆردێکی نوێیان تۆمار کرد

زێڕ و زیو ریکۆردێکی نوێیان تۆمار کرد

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

26/12/2025

زێڕ و زیو ڕیکۆردێکی نوێیان لە بازاڕەکانی جیهان تۆمارکرد و سەرجەم تۆمارەکانی پێش خۆیان تێپەڕاند.


ئەمڕۆ هەینی لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ و زیویش گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژووی خۆیان.


لە ئێستادا ئۆنسەیەک زێڕ بە 4,513 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە.


هاوکات ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە زیاتر لە 75 دۆلار، کە بۆ یەکەم جارە بگاتە ئەو نرخە.


ناجێگیریی جیۆپۆلیتیکی هۆکارێکی ئاستە بەرزەکەی زێڕە؛ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا، لەنێویاندا گەمارۆدانی بارە نەوتییەکان، مەترسیی پچڕانی دابینکردنی وزەی لە جیهاندا دروست کردووە. زێڕ لە کاتی ئەم جۆرە ململانێیانەدا وەک "قەڵخانی تەنگژەکان" کار دەکات.


هاوکات، نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەڵئاوسانی قەرزی جیهانی و ئەگەری دابەزینی بەهای دراوەکان، وای لە وەبەرهێنەران کردووە لە دراوە کاخەزییەکانەوە روو لە سەرمایە جێگیرەکان بکەن.


شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن، ئەم شەپۆلە بەهێزەی بەرزبوونەوە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام بێت و هەندێکیان وای دەبینن نرخەکەی بگاتە 5,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.

;