مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی مانگی یەک دا، دەگاتە بەغدا و پەیامی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەرکردەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پرسی سنوردارکردنی چەک بۆ دەوڵەت، دەگەیەنێت.
سەردانەکەی ساڤایا کە یەکەم سەردانی دەبێت لە دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، تایبەت دەبێت بە گەیاندنی هەڵوێستی ئەمریکا بەبێ دەستوەردان لە بڕیاردانی هێزە عێراقیەکان، ئەمەش بە پێی سەرچاوەیەک بۆ بەغداد ئەلیوەم.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای زیاتر لە مانگ و نیوێک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تا ئێستا ناکۆکی سیاسی لەسەر پۆستەکانی سەرۆکایەتی لە پەرلەمان و حکومەت و کۆمار بەردەوامە.
بەغداد ئەلیەوم ڕاشیگەیاندووە کە "ئامانجی سەردانەکە ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی واشنتۆنە لەبارەی عێراق، جەختی لە ڕەتکردنەوەی بەردەوامبوونی هاوکاریی ئەمنی و سیاسی ئەگەر دەوڵەت بەردەوام بێت لە هەڵسوکەوتکردنی وەک دووانەی لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان".
ساڤایا پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، پێشتریش هاوکارییان لە دۆسیەی ئەلیزابێس تسورکۆڤی ئیسرائیلی ڕفێنراودا کردووە.
هەفتەی ڕابردوو ساڤایا ڕایگەیاند، کە مەبەستی هەندێک لە کوتلە عێراقییەکان بەرەو چەکداماڵین "بەس نییە"، جەختی لەسەر پێویستیی داماڵینی چەک هەمەلایەنە و پابەندکەر لە چوارچێوەیەکی ڕوون و نیشتمانیدا کردبووەوە.
