Apora Logo

ئەمریکا و لایەنە نێوەندگیرەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کردنەوەی دەروازەی رەفەح

ئەمریکا و لایەنە نێوەندگیرەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کردنەوەی دەروازەی رەفەح

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

25/12/2025

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، ئەمریکا و لایەنە نێوەندگیرەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کردنەوەی دەروازەی رەفەح بە هەردوو ئاڕاستەدا و رادەستکردنی ئیدارەکەی بە دەسەڵاتی فەلەستین.


دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، تێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان ئەمریکا و نێوەندگیرەکان دروست بووە کە بەپێی ئەوە دەروازەی رەفەح دەکرێتەوە و دەسەڵاتی فەلەستین بەشداری لە بەڕێوەبردنیدا دەکات.


هاوکات کەناڵی 13ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەکانەوە رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا لایەنەکان و بزووتنەوەی حەماسی ئاگادار کردووەتەوە کە گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە سەرەتای ساڵی داهاتوو و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەستپێدەکات.


بەپێی میدیاکان، حکومەتی ئیسرائیل تێبینی لەسەر ئەم هەنگاوە هەیە و دەیەوێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی بنیامین نەتەنیاهوو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یەکلایی بکرێتەوە، بەتایبەت کە ئیسرائیل مەرجی چەککردنی حەماس و رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەیەکی هەیە.


ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەست، دەبوو رۆژانە 600 بارهەڵگری هاوکاری بچێتە غەززە، بەڵام هێشتا ئیسرائیل رێگری دەکات و پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوەدەچێت.


;