پۆلیسی سلێمانی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە، کە "دوو تۆمەتبار" خۆیان وەک هێزی ئەمنی ناساندوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر مارکێتێک لە سەیدسادق.
چوار شەممە، ٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند "دوای ئەوەی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق ئاگادار کرانەوە کە دوو تۆمەتبار بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر مارکێتێک، بڕیاری بەڕێز دادوەر بۆ رووداوەکە وەرگیرا و دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە دەستیپێکرد سەرەنجام توانرا دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (س، ع، س - ب، م، أ) دەستگیربکرێن، کە سەر بەهیچ دام و دەزگایەکی ئەمنی نین".
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیس هەردوو تۆمەتبار "پێشینەی تاوانکاریان هەیە".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "تۆمەتبارەكان بەگوێرەی ماددەی ٤٣٢ لە یاسای سزاكانی عێراق ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".
