ئەو لافاوە سەختەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لە باکوری عێراق دروستبوو، یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە (٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥) بڕی ١٠٠ هەزار یۆرۆی وەکو بودجەی مرۆیی دابینکرد بۆ پشتیوانیکردنی زۆرترین زیانلێکەوتوو.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەلایەن یەکێتییەکەوە دەرچووە ، ئەم پارەدانە ئەوروپییە بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی مانگی سووری عێراق لەپێشکەشکردنی هاوکارییە فریاگوزارییە زۆر پێویستەکان، لەوانە پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ خێزانەکان، هاوکاری خۆراک، پێداویستی زستانە، کەلوپەلی پاک و خاوێنی کەسی، پاڵپشتی نەختینەیی، هەروەها خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی و ئاو.
زیاتر لە ١٦ هەزار کەس کە بەهۆی لافاوەکەوە ماڵ و بژێوی ژیان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان زیانیان بەرکەوتووە، ڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن لەم هاوکارییە مرۆییە.
ئەم پارەیە لە چوارچێوەی بەشداری گشتی یەکێتی ئەوروپادایە لە سندوقی بەرپەرچدانەوەی فریاگوزاری کارەساتەکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و کۆمەڵگەی مانگی سوور
لەماوەی 9 تا 12ی کانونی یەکەمی 2025، بارانبارینی بەخوڕ بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی باکووری عێراق لەوانەش سلێمانی، کەرکوک، هەولێر و نەینەوا.
سەدان ماڵ و دامەزراوە گشتییەکان زیانیان بەرکەوت، زۆرێک لە خێزانەکان ناچاربوون ماڵەکانیان بە جێ بهێڵن و زۆرێکیان بێ شوێنی حەوانەوە و خۆراکی پێویست و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ماونەتەوە.
هەروەها ئەم لافاوانە دۆخە ناسکەکەی خراپتر کردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی کە لە ئێستاوە بەدەست سەختی ئابووری و بارودۆخی سەختی زستانەوە دەناڵێنن.
