لە هەولێر دوو هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرا و پارێزگاریش ڕایگەیاند، تائێستا لە سنووری سەرۆكایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی دابەش كراوەو هەموو ئەوانەشی شایستەن زەوییان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغی پێنجەم بەشێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی دوو هەزار پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانى فەرمانگە و دام و دەزگاکانى سەنتەری شار، ئەوانەی کارتی زانیارییان سەنتەری شاری هەولێرە.
لە رێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی ناویان لە تیروپشك گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی، تیشكی خستەسەر ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان زیاتر لە ( 60 هەزار ) پارچە زەوی دابەشكراوە و هەموو ئەو فەرمانبەرانەشی دابەشكردنی زەوی دەیانگرێتەوە دەگاتە ( 120 بۆ 125 هەزار ) فەرمانبەر.
گوتیشی، بەو شێوەیەش هەولێر دەكەوێتە قۆناغێكی دیكە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر، تا ئێستا زۆرترین فەرمانبەران سوودمەندبوون لەوەرگرتنی زەوی، كە لە هیچ شارێكی دیكەی هەرێم پڕۆسەكە بەو شێوەیە نەچۆتەپێش و بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش بەردەوامە تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی، دوای ئەوانیش دەست بە دابەشكردنی زەوی دەكرێت بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی ئەو ڕێنمایی و میكانیزەمی داڕێژراوە بۆیان.
لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، تاوەكو ئێستا پێنج قۆناغ زەویی دابەشكراوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.
