چین و ڕووسیا لە میانی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئیدانەی ڕەفتارەکانی ئەمریکایان بەرامبەر بە ڤەنزوێلا کرد، نوێنەری ڤەنزوێلاش لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئامانجی ئەمریکا ماددەهۆشبەرەکان نییە، بەڵکو نەوتی کاراکاسە.
ڕۆژی چوارشەممە لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کە لەلایەن کاراکاسەوە داوا کرابو، مایک والتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکێکی شەرعی نییە، بەڵکو "تاوانبارێکە" کە داهاتی فرۆشتنی نەوت لە گرێبەستی ماددە هۆشبەرەکاندا وەبەردەهێنێت.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نێبێنزیا، ئیدانەی هەڵوێستەکانی ئەمریکای بۆ فشارخستنە سەر ڤەنزوێلا کرد، لەنێویاندا سەپاندنی گەمارۆی نایاسایی لەسەر کەناراوەکانی ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشدا، گەمارۆدانەکە پێشێلکردنی ستانداردە بنەڕەتییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە، نوێنەرایەتی "ڕوونترین و جددیترین کردەوەی دەستدرێژی ڕاستەقینە دەکات"، هۆشداریشیدا لە دەرئەنجامە کارەساتبارەکان بۆ دانیشتوانی ڤەنزوێلا.
چین کە نەوت لە ڤەنزوێلا هاوردە دەکات، کردەوە تاکلایەنەکانی ئەمریکای بە "نا بەرپرسانە" وەسفکرد و ڕەخنەی لە دەستوەردانەکان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی کاریبی گرت.
لای خۆیەوە ساموێل مۆنکادا، باڵیۆزی ڤەنزوێلا لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمەتەکانی ئەمریکای ڕەتکردەوەو تۆمەتباریکرد بە ئەنجامدانی "جەنگی گەمارۆدانی نایاسایی".
نوێنەری ڤەنزوێلا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەکانی ئەمریکاشی ڕەتکردەوە کە کاراکاس داهاتی نەوت بۆ دابینکردنی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بەکاربهێنێت و بە شتێکی بێمانا وەسفیکرد.
مۆنکادا لە کۆتایدا گوتیشی، پێویستە جیهان بزانێت کە هەڕەشەکە ڤەنزوێلا نییە، هەڕەشەکە حکومەتی ئێستای (ئەمریکا)یە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی واشنتۆن "مادەی هۆشبەر نییە، ئاسایش نییە، ئازادی نییە، بەڵکو نەوت و کانگاکان و زەوییە".
کاراکاس داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردبوو بە پشتیوانی مۆسکۆ و پەکین. لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێکی فەرمی دەرنەچووە.
