نرخی نەوت درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆی دا، لە ئێستادا بەرمیلێک نەوت لە سەروو 62 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 62 دۆلار و 37 سەنتە، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکا سەنتێک بەرزبووەوە و گەیشتە 58 دۆلار و 39 سەنت.
هەردوو پێوەرەکانی نەوتی خاو لە 16ی کانوونی دووەمەوە نزیکەی 6% بەرزبوونەتەوە، دوای ئەوەی نزمترین ئاستی خۆیان لە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵدا تۆمارکردووە.
داتاکانی ئەمریکا دەریانخستووە کە گەورەترین ئابوری جیهان لە ماوەی دوو ساڵدا لە ماوەی چارەکی سێیەمدا بە خێراترین خێرایی گەشەی کردووە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی بەکاربەر و بوژانەوەی هەناردەکردن بووە، ئەمەش خواستی وزەی بەرزکردووەتەوە.
سەبارەت بە کۆگاکانی نەوت، داتاکانی پەیمانگای نەوتی ئەمریکی بڵاویانکردەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا کۆگای نەوتی خاوی ئەمریکا دوو ملیۆن و 39 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە، لەگەڵ زیادبوونی عەمبارکردنی بەنزین بە نزیکەی ملیۆنێک و 900 هەزار بەرمیل، هەروەها کۆگاکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە بڕی 685 هەزار بەرمیل.
ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا یارمەتی پشتگیریکردنی نرخەکانی دا، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ سەر ژێرخانی وزە.
لە ئێستادا بەندەرەکانی ڤەنزوێلا زیاتر لە دەیان کەشتی نەوتهەڵگری بارکراویان لەخۆگرتووە و چاوەڕێی ڕێنمایی نوێن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەستی بەسەر یەک تانکەردا گرت و لەم دواییانەشدا دوو کەشتیی دیکەی کردە ئامانج.
هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا "گەمارۆدانی" لەسەر ئەو کەشتییە سزادراوانەی ڕاگەیاند کە دەچنە ناو ڤەنزوێلا یان دەردەچن، ئەمەش هەنگاوێک بوو بە ئامانجی زیادکردنی فشارەکان لەسەر نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا.
