وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیارێکی توندی لەبارەی هاوردەکردنی مریشک و بەرهەمە پەلەوەرییەکان دەرکرد و ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە لە 39 دەوڵەتی جیاوازەوە قەدەغە دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەم بڕیارە دوای تۆمارکردنی چەندین حاڵەتی "ئەنفلۆنزای باڵندە" لەو 39 وڵاتەدا دێت، بڕیارەکە لە 15ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی سامانی پەلەوەر و تەندروستی گشتی لە عێراق.
مەهدی زەمەد قەیسی، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە قەدەغەکردنەکە تەنها مریشک ناگرێتەوە، بەڵکو ئەم بەرهەمانەش دەگرێتەوە:
مریشکی زیندوو و بەستوو.
هێلکەی خواردن.
باڵندەی بریندار و باڵندەی جوانی.
ڕاوێژکارەکە ئاشکرای کرد کە لە دیارترین ئەو وڵاتانەی ناویان لە لیستی قەدەغەکراوەکاندایە، بریتین لە: (تورکیا، ئێران، میسر، ئیتاڵیا، سوید و بەریتانیا).
وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە کاتی نییە بەو مانا پشووەی، بەڵکو تا ئەو کاتەی ئەو وڵاتانە بە تەواوی لە نەخۆشییەکە پاک دەبنەوە و ڕاپۆرتە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان دڵنیایی دەدەن، قەدەغەی هاوردەکردن لەسەریان بەردەوام دەبێت.
