Apora Logo

ژەنەڕاڵێکی ڕووسی لە مۆسکۆ کوژرا

ژەنەڕاڵێکی ڕووسی لە مۆسکۆ کوژرا

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

22/12/2025

ڕۆژی دووشەممە لە باشووری مۆسکۆ، ژەنەراڵێکی پلە باڵای ڕووسیا، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک کە لە ژێر ئۆتۆمبێلەکەیدا دانرابوو، کوژرا.


لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕوسیا کە مامەڵە لەگەڵ تاوانە گەورەکان دەکات، ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەیان بۆ "کوشتن"ی عەقید جەنەڕاڵ فانیل سەرفەرۆڤ، سەرۆکی بەشی مەشق و ڕاهێنانی ئەرکانی گشتی کردۆتەوە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لەو گریمانانەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت ئەگەری ئەوە هەیە کە هێرشەکە پەیوەندی بە "هێزە تایبەتەکانی ئۆکرانیا"وە هەبێت.


لە مانگی شوباتی 2022ەوە کە مۆسکۆ هێزەکانی خۆی ناردە ناو ئۆکرانیا، کیێڤ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە لە پشت چەندین هێرشەوە بووە کە بەرپرسانی سەربازیی ڕووسیا و کەسایەتییە لایەنگرەکانی کرێملین لە ناوخۆی ڕووسیا و ناوچەکانی ئۆکرانیا لە ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆ دەکەنە ئامانج.


لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ژەنەڕاڵ یارۆسلاڤ مۆسکالیک جێگری سەرۆکی ئەرکانی گشتی لە نزیک مۆسکۆ بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە کوژرا.


لە مانگی کانوونی دووەمی 2024، ئیگۆر کیریلۆڤ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگری تیشک و کیمیایی و بایۆلۆجی ڕووسیا لە مۆسکۆ بەهۆی تەقەمەنییەکەوە کوژرا کە لەسەر پاسکیلێکی کارەبایی چێندرابوو، هێرشێک کە دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ گرت.


هەروەها لە مانگی نیسانی ساڵی 2023دا ماکسیم فۆمین، بلۆگەری سەربازیی ڕووسی کوژرا، کاتێک پەیکەرێک لەناو کافێیەکدا لە شاری سانت پترسبۆرگ تەقیەوە.


لە مانگی ئابی ساڵی 2022، بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو "داریا دوگین"، کچی بیرمەندی نەتەوەپەرستی توندڕەو ئەلێکساندەر دوگین کوژرا.

;