سپێناخ یەکێکە لە سەوزە گەڵادارەکان کە دەوڵەمەندترین مادەی خۆراکی و گشتگیرە. دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزاکان، ئەمەش وایکردووە ببێتە ڕێگەیەکی ئاسان بۆ زیادکردنی بەهای خۆراکیی بەرز بۆ ژەمەکان، جا بە کاڵی بخورێت یان بە کوڵاو.
پاڵپشتی تەندروستی (چاو) دەکات
سپێناخ دوو مادەی کارۆتینۆید لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە تەندروستی چاوەوە هەیە کە بریتین لە لوتین و زیاکسانتین.
ئەم ڕەنگانە لە ناوەڕاستی تۆڕی چاودا کۆدەبنەوە، لەوێ یارمەتی پاراستنی چاو دەدەن لە زیانەکانی تیشکی خۆر و تیشکی شین.
هەندێک لە توێژەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە کوڵاندنی سپێناخ ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە دەردانی بڕێکی زیاتر لەم پێکهاتانە، بەڵام خواردنی بە کاڵی هێشتا سوودی هەیە.
هەروەها سپێناخ ڤیتامین A دابین دەکات کە پێویستە بۆ پاراستنی بینینێکی تەندروست.
تەندروستی دڵ دەپارێزێت
سپێناخ یەکێکە لە باشترین سەرچاوە سروشتییەکانی نیترات، کە لەش بەکاری دەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نیتریک کە پێکهاتەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی ڕۆیشتنی خوێن بە شێوەیەکی تەندروست.
خواردنی سەوزەی دەوڵەمەند بە نیترات پەیوەندی بە باشتربوونی پەستانی خوێنەوە هەیە. هەروەها سپێناخ مەگنیسیۆم و فۆلیک ئەسید بە جەستە دەبەخشێت، کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نیتریک، جگە لە پۆتاسیۆم، کە یارمەتی ڕێکخستنی لێدانی دڵ دەدات، پشتگیری هاوسەنگی سۆدیۆم دەکات، و کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن.
لەوانەیە ئەو ڤیتامین K کە لە سپێناخدا هەیە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی نیشتنی کالیسیۆم لە خوێنبەرەکاندا.
گرژی و هەوکردن ناهێڵێت
سپێناخ دژە ئۆکسێنەر و فلاڤۆنۆید و پێکهاتەی ڕووەکی تێدایە کە خانەکان لە فشاری ئۆکسجین و تێکچوونی ڕادیکاڵە ئازادەکان دەپارێزن.
ڤیتامین سی و کلۆرۆفیل و بێتا کارۆتین و ترشی ئەلفا لیپۆیک دابین دەکات.
کەمکردنەوەی هەوکردنی درێژخایەن لە جەستەدا ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و هەوکردنی جومگەکان و نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەها خاوکردنەوەی پیربوونی پێشوەختە.
لەوانەیە بەشداربێت لە خۆپاراستن لە شێرپەنجە
هەرچەندە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر مۆدێلی تاقیگەیی یان ئاژەڵان ئەنجام دراون، بەڵام زانایان لێکۆڵینەوەیان لە هەندێک پێکهاتەی ڕووەکی کردووە کە لە سپێناخدا دۆزراونەتەوە بۆ ئەگەری تایبەتمەندی دژە شێرپەنجە.
توێژینەوەیەک ئاماژەی بەوەکردووە کە سپێناخ ڕەنگە تەندروستی ڕیخۆڵە باشتر بکات، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن.
هەروەها ڕەنگە دژە ئۆکسێنەرەکانی ڕۆڵیان هەبێت لە پاراستن لە تێکچوونی خانەکان کە پەیوەندییان بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەوە هەیە.
تەندروستی هەرسکردن بەرەوپێش دەبات
ڕیشاڵی ناو سپێناخ یارمەتی باشترکردنی هەرسکردن دەدات، چونکە ڕیشاڵی نەتواوەی تێدایە کە بەشێکی زۆری بۆ پیسایی زیاد دەکات، و ڕیشاڵی تواوە کە جوڵەی ڕیخۆڵە ئاسان دەکات.
تەندروستی مێشک دەپارێزێت
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە ڤیتامین K و لوتین و ترشی فۆلیک ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە پاڵپشتیکردنی تەندروستی مێشکدا.
ترشی فۆلیک پێویستە بۆ کارکردنی گواستەرە دەمارییەکان، ڕەنگە دژە ئۆکسێنەرەکان یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی دەمارەکان.
خواردنی بەردەوامی سەوزی گەڵادار وەک سپێناخ ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ خاوکردنەوەی دابەزینی مەعریفی پەیوەست بە تەمەن و لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە تێکچووەکانی وەک ئەلزەهایمەر کەم بکاتەوە.
پشتگیری لە لەشجوانی و دابەزاندنی کێش دەکات
سپێناخ کالۆری کەمی تێدایە، بێ چەوری وکۆلیسترۆڵ, و ڕیشاڵی تێدایە کە یارمەتیت دەدات هەست بە تێری بکەیت.
هەروەها نیترات بەشدارە لە فراوانبوونی خوێنبەرەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی ڕۆیشتنی خوێنی دەوڵەمەند بە ئۆکسجین بۆ ماسولکەکان لە کاتی وەرزشکردندا، هەروەها یارمەتی جەستە دەدات وزە بە شێوەیەکی کاراتر بەکاربهێنێت.
