Apora Logo

لیندسی گراهام: حەماس و حزبوڵڵا خەریکی خۆ پڕچەککردنەوەی خۆیانن

لیندسی گراهام: حەماس و حزبوڵڵا خەریکی خۆ پڕچەککردنەوەی خۆیانن

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

22/12/2025

لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی ڕایگەیاند، حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی خەریکی خۆ پڕچەککردنەوەی خۆیانن، ئاماژەی بەوەشدا کە بزووتنەوەی فەلەستینیش کار بۆ بەهێزکردنی نفوزی خۆی لە کەرتی غەززە دەکات.


ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 10ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دوای دوو ساڵ لە شەڕێکی وێرانکەر هات لە کەرتی غەززە، بەڵام سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، هەردوولا بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکتری بە پێشێلکردنی.


سەبارەت بە ململانێی ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵڵا، لە تشرینی دووەمی 2024 ڕێککەوتنێکی دیکەی ئاگربەستی نێوان هەردوولا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای نزیکەی ساڵێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هەڵکوتانە سەر خاکی لوبنان.


ئیسرائیل پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە چەکداماڵینی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان کە هاوپەیمانی ئێرانن و دوژمنی سەرسەختی دەوڵەتی جوولەکەن، مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ هەر ئاشتییەکی بەردەوام.


لە ڕاگەیەنراوێکدا کە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، گراهام دەڵێت؛ ئەو بڕوایەم هەیە کە (حەماس) کار بۆ داماڵینی چەک ناکات، بەڵکو خۆی چەکدار دەکاتەوە.


ئاماژەی بەوەشکرد، پێموایە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی دەدات لە غەززە و دەستبەرداری نابێت.


بە وتەی ئەو کۆنگرێسمانە کۆمارییە لە ویلایەتی کارۆلینای باشوورەوە کە هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە و یارمەتی ئاگربەستی غەززەی داوە، حزبوڵڵای لوبنان بەهەمان شێوە هەوڵدەدات خۆی پڕ چەک بکاتەوە.


گوتیشی: "دەبینم کە (حزبوڵڵا) هەوڵدەدات چەکی زیاتر دروست بکات ئەمەش قبوڵکراو نییە."


ئەو وتانەی گراهام دوای ڕۆژێک هات لە داوایەکی ئەمریکا، قەتەر، میسر و تورکیا، کە داوایان لە ئیسرائیل و حەماس کرد پابەندبن بە ئاگربەستەوە.


ناوبژیوانان پاڵپشتی هەنگاونان بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە دەکەن، کە بریتییە لە کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە و هاوکات دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کاتیی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە لە جیاتی حەماس، هەروەها جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری.


هەرچی قۆناغی دووهەمیش چەکداماڵینی غەززە لەخۆدەگرێت کە چەکەکانی بزووتنەوەی حەماسیش دەگرێتەوە.


لای خۆیەوە حەماس داوای لە ناوبژیوانان و واشنتۆن کرد کە ئەو شتانە بوەستێنن کە بە "پێشێلکارییەکانی" ئیسرائیل بۆ ئاگربەست وەسفی کردووە.


لەو کاتەوەی ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی کە سەر بە حەماسە، تا ئێستا 401 کەس لە کەرتی غەززە بەهۆی تەقەی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.


بەپێی ڕاپۆرتی بەرگری شارستانی لە غەززە، ڕۆژی هەینی، لە بۆردومانێکی ئیسرائیلی، قوتابخانەیەک کە وەک پەناگەیەک بۆ خەڵکی ئاوارە بەکاردەهێنرا، شەش کەس کوژران کە دوو منداڵیان هەبووە.


لە لوبنان، حکومەتی لوبنان بەڵێنی داماڵینی چەک لە حزبوڵڵای لوبنان، لە باشووری ئەو وڵاتە دەست پێدەکات. بەڵام ئیسرائیل گومانی لە توانای سوپای لوبنان هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە، لە کاتێکدا حزبوڵڵای لوبنان چەندین جار ڕەتیکردووەتەوە دەستبەرداری چەکەکانی بێت.

;