میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایانکرد، کە بنیامین ناتانیاهۆ بە نیازە پرسی مووشەکی بالیستیکی ئێران لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بوروژێنێت، بەڵام گومان هەیە لە ئەگەری ڕازیبوونی واشنتۆن بە هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوان دژی تاران. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش دەڵێت، ئه‌گه‌ری هێرشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران به‌دوور نازانین.
دەزگای پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە کە "ناتانیاهۆ پێش سەفەرەکەی بۆ ئەمریکا ڕاوێژکاریی ئەمنی چڕی سەبارەت بە پرسی ئێران ئەنجامداوە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە “هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان لە تەلئەبیب ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لە ئێستاوە دەستیکردووە بە نۆژەنکردنەوەی سیستەمی مووشەکی بالیستیکی خۆی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "گومان لەناو بازنەکانی ئیسرائیل‌دا هەیە سەبارەت بەوەی کە تا چەند ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوان کە دامەزراوەکانی ئێران بکاتە ئامانج" پەسەند بکات.
دەشڵێت "ناتانیاهۆ هەوڵدەدات پرسی توانا مووشەکیەکانی ئێران بخاتە سەرووی لیستی ئەو دانوستانانەی کە لەگەڵ ترەمپ ئەنجامی دەدات".
ڕۆژنامەی هایۆمی ئیسرائیلی ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە ناتانیاهۆ کە بڕیارە لە فلۆریدا لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە، هەوڵ دەدات ڕازی بکات هەنگاوی کردەیی دژی ئێران بنێت، لەوانەش ئەگەری دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ترامپ دوودڵە لە هەنگاوە چارەنووسسازەکان، هەروەها دیدارەکەی لەگەڵ ناتانیاهۆ کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان داواکراوە، ئامانجی دانانی نەخشەڕێگای هاوبەش و هەماهەنگی ڕێبازێکی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئێران.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە، لە کۆنگرەیەکی هەواڵگریدا تیشک دەخرێتە سەر نوێکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیک، چالاکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، هەروەها پشتیوانی و دابینکردنی دارایی تیرۆر لە ڕێگەی بریکارەکانی تاران لە ناوچەکەدا.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسرائیل لەم چوارچێوەیەدا، هاوتەریب لەگەڵ پشتیوانیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی بۆ ناسەقامگیرکردنی ڕژیم لە تاران، لەبەر ڕۆشنایی تێکچوونی ئابووریی ئێران و گوشارە ئەگەرییەکانی ڕۆژئاوا بۆ توندکردنەوەی سزاکان، بیر لە بژاردەی سەربازی و ئابووری دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی یه‌كشه‌ممه عه‌باس عێڕاقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ئەگەری هێرشی نوێی ئەمریکا یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانتر له‌دژی ئێران بەدوور نازانن و له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا وڵاته‌كه‌یان له‌هه‌ركاتێك زیاتر ئاماده‌ی به‌ره‌نگاربوونەوەیە.
ناوبراو له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ روسیا جه‌ختی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی كرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد خۆ ئاماده‌كردنی ئێران بۆ ئه‌گه‌ری رووبه‌رووبونه‌وه به‌و واتایه نییه كه پێشوازی له‌جه‌نگ بكه‌ن به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئیراده‌یان وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
