ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 50 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە پاشماوەی زیاتر لە دوو هەزار و 865 قوربانی لەخۆدەگرێت. ئەم گۆڕانە بەشێکن لە تاوانە سیستماتیکەکانی ڕژێمی پێشوو دژی هاوڵاتیان.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە سەرەتای جەنگەوە لە ساڵی 2011، گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا دۆزراونەتەوە، کە ئەمەش ڕادەی تاوان و دڕندەیی سیستماتیکی ڕژێمی پێشوو و میلیشیاکانی دژی خەڵکی سڤیل، لەوانە کوشتنی بەکۆمەڵ و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدانی دڕندانە، ئاشکرا دەکات.
ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە نزیکەی 50 گۆڕە و پاشماوەی زیاتر لە دوو هەزار و 865 قوربانی، لەنێویاندا ژن و منداڵ، لەخۆدەگرێت.
ئەم گۆڕانە لە پارێزگاکانی دیمەشق، حومس، دارا، حەما، دێرەزۆر، ئیدلب و حەلەب بڵاوبوونەتەوە.
ڕوانگەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم گۆڕانە شایەتحاڵی بێدەنگی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتین و هێشتا هەزاران کەسی بێسەروشوێن چارەنووسیان نادیارە.
داوا لە لیژنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ سوریا و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفاف دەستپێبکەن، شوێنەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک بەڵگەی تاوانکاری بپارێزن، کار بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان و گەڕاندنەوەی پاشماوەکانیان بۆ خێزانەکانیان بکەن، هەروەها لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە سەلمێنراوە دەستیان لە بێسەروشوێنکردن و کۆمەڵکوژییەکاندا هەبووە، چ لەلایەن ڕژێمی پێشوو یان ئەوانەی کە بە ئەنقەست بەڵگەیان لەناوبردووە دوای ڕووخانی.
