Apora Logo

دەزگای هەواڵگریی عێراق ڕەتیدەکاتەوە مەترسیی هێرشی ئیسرائیل هەبێت

دەزگای هەواڵگریی عێراق ڕەتیدەکاتەوە مەترسیی هێرشی ئیسرائیل هەبێت

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

21/12/2025

دەزگای هەواڵگریی عێراق بڵاوى کردەوە، هەواڵی ڕۆژنامەی شەرقل ئەوسەت لەبارەی مەترسییەکانی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕەتدەکەینەوە، حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەم شێوەیەی بەدەست نەگەیشتووە.

دەزگای هەواڵگریی عێراق سەبارەت بە دەنگۆى هەڕەشە و هێرشکردنە سەر عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتوە، دەزگای هەواڵگریی عێراق کۆی زانیاریی ڕۆژنامەی شەرقل ئەوسەت لە بارەی مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕەتدەکاتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەم شێوەیەی بەدەست نەگەیشتووە، کە باس لە مەترسی کردەوەی سەربازیی لە عێراق بکات، بۆیەش داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەكەین، بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە هەیە، بە وریایی و وردییەوە مامەڵە بکەن.

جێگاى ئاماژەیە، دوێنێ ڕۆژنامەی شەرقل ئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، وڵاتێکی عەرەبی و دەزگای هەواڵگریی وڵاتێکی ڕۆژئاوا، بەرپرسانی حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە، کە ئیسرائیل چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا دەکات بۆ هێرشكردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سەرکردەکانیان، هەروەها ژێرخانی سەربازیی و داراییان ئەو گرووپانە دەکرێتە ئامانج.


;