ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سوریا لانیکەم پێنج ئەندامی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" کوژراون. ئەمەش دوای هەفتەیەک دێت لە کوشتنی سێ ئەمریکی لە پاڵمیرای سوریا.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لەنێو کوژراوەکاندا "سەرۆکی شانەیەک هەیە کە بەرپرسە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دێرەزوور.
سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا شانەکانی داعشیان لە ناوچەکانی حومس و دێرەزۆر و ڕەققەکردووەتە ئامانج.
درەنگانێکی دوێنێ (هەینی)، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی داعش لە سوریا ڕاگەیاند، ئەمەش لە وەڵامی هێرشێکدا لە پاڵمیرا کە بووە هۆی کوژرانی سێ ئەمریکی.
هاوکات فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا دووپاتیکردەوە، کە "زیاتر لە 70 ئامانجی لە سەرانسەری سوریا بە فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەری هێرشبەر و تۆپخان ئەنجام داوە، لە هێرشێکدا کە دۆناڵد ترەمپ بە "هێرشی تۆڵەسەندنەوەیەکی زۆر بەهێز" ناوی بردووە.
دوابەدوای ئەمە، ترەمپ وتی، "من فەرمانم دا هێرشێکی بەرفراوان لە دژی ئەو تیرۆریستانە بکرێت کە هەفتەی ڕابردوو سێ لە نیشتمانپەروەرە گەورەکانمانیان کوشت. ئۆپەراسیۆنەکە زۆر سەرکەوتوو و ورد بوو. ئێمە لە هەموو ئاراستەکانەوە بەبێ هەڵە ئامانجەکانمان لێدا. ئێمە لە ڕێگەی هێزەوە ئاشتی دەگەڕێنینەوە".
