میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون.
میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 10:30ـی شەوی رابردوو لە ماڵی شەهیدان بووم، نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، لەکاتی گەڕانەوەدا لەیزەرێکی بەهێزی سەوزیان لە ئۆتۆمبێلەکەم گرت و منیش تەنیا گوتم لایبەن، لەپڕ سێ ئۆتۆمبێل دەوریان گرتم و تورەکەیان کردە سەرم".
بەگوتەی میران بەکر، "هێزەکە بەبێ لێپرسینەوە تاوەکو توانایان هەبوو سووکایەتییان پێکردم؛ جنێوی زۆریاندا و لێیاندام. چەند کەسێکیان دەناسم و ئەو ئاسایشانە نین کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، بەڵکو هێزی دژەتیرۆر[ـی سلێمانی]یان ئۆپەراسیۆنی ئاسایش{ـی سلێمانی}ن کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، چونکە ئەو هێزەی لە بنەڕەتدا لەوێن دەیانناسم و کاری وا ناکەن".
سکرتێری وەزیری پێشمەرگە گوتی: "دوای سووکایەتی و لێدانی زۆر، هەموو کەلوپەلەکانمیان لە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە برد، دواتر پێیان وتم هەڵەن و لە شوێنێک فڕێیاندام و جێیا هێشتم، هێزەکە پێیان گوتم هەڵەمان کردووە و هەڵەتێگەیشتن روویداوە".
لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە کە "هیچ لایەنێک مافی ڕفاندنی خەڵکی نییە، ئێمەش بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە ئەنجام دەدەین".
