سۆمایا ئەلئەلفی ئەکتەری میسری دایکی هونەرمەند ئەحمەد ئەلفیشاوی، هاوسەری پێشووی فاروق فیشاوی دوای تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە، لە تەمەنی 72 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ شەممە ئەشرەف زەکی بەرپرسی سەندیکای ئەکتەرەکان، کۆچی دوایی ئەو خانمە ئەکتەرە میسرییەی ڕاگەیاند، دوایین دەرکەوتنی هونەرمەندی کۆچکردوو لە سێتی فیلمی "سفاح التجمع"بوو، کە کوڕەکەی، هونەرمەند ئەحمەد ئەلفیشاوی ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا.
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەلئەلفی یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی ژیانی بەسەربرد، دوای ئەوەی تووشی وەرەمێکی دەگمەن بوو کە پزیشکەکان وەک یەکێک لە دەگمەنترین و مەترسیدارترین جۆرەکانی شێرپەنجە پۆلێنیان کرد، ئەمەش وای لێکرد دەست بە گەشتێکی درێژخایەنی چارەسەرکردن بکات کە پێویست بوو گەشتێک بکات بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک نەشتەرگەری ناسک کە بۆ ماوەیەکی پچڕپچڕ بەردەوام بوو.
سەرەڕای توندی ئەزموونەکە، ئەلئەلفی توانی بەسەر ئەو تاقیکردنەوەدا زاڵ بێت و وردە وردە بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی.
سۆمایا ئەلئەلفی لە 32ی تەمموزی 1953 لە شاری ئەبو کەبیر لە پارێزگای شەرقیە لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆمەڵناسی بەدەستهێناوە پێش ئەوەی لە ڕێگەی زنجیرەی " أفواه وأرانب " (1978)ەوە خۆی بخاتە ناو جیهانی هونەرەوە،.بە درێژایی ژیانی پیشەیی زیاتر لە 100 بەرهەمی لە بواری سینەما و شانۆ و تەلەفزیۆندا پێشکەش کردووە.
هەروەها بەشداری لە زنجیرە سەرکەوتووەکانی ڕەمەزانی وەک " العگار والسبع بنات " (2002) و " لیالی الحلمیە " کردووە.
سۆمایا ئەلئەلفی هاوسەرگیری لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو فاروق ئێل فیشاوی کردووە، و دوو کوڕی لەگەڵ بووە بە ناوەکانی ئەحمەد ئەلفیشاوی و عومەر ئەلفیشاوی.
