مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کارێکی زۆری لەبەردەمدایە بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی غەززە و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی". جەختی لەوەشكردەوە، گەیشتن بە ئاشتی لە کەرتی غەززە بەبێ چەکداماڵینی حەماس مەحاڵە، هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر بزووتنەوەکە بتوانێت هەڕەشە بکات یان هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل لە داهاتوودا "هیچ ئاشتییەک ڕوونادات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا که ئەمریکا له په یوه ندیدا بووه لەگه ڵ ژمارەیەک وڵات بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی هێزێکی سەقامگیری نێوده وڵه تی له غه ززه به ئامانجی پاڵپشتیکردنی ئاسایش و ڕێگریکردن له نوێبونەوەی پەرەسەندنی غه ززه .
سەبارەت بە لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواست کە دانوستانەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی لوبنان و ئیسرائیل ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی لوبنان و داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا.
ڕوونیشیکردەوە: هیوادارین گفتوگۆکانی نێوان دەسەڵاتدارانی لوبنان و ئیسرائیل ببێتە هۆی دانانی ڕێنمایی و ڕێگایەک بۆ پێشەوە کە ڕێگری لە پەرەسەندنی ململانێکان بکات.
سەبارەت بە سودان ، ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە "ئامانجی دەستبەجێ لە سودان وەستاندنی شەڕەکانە پێش ساڵی نوێ".
سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیا، ڕوبیۆ دووپاتیکردەوە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژی ماوە و پێویستە کار و هەماهەنگی زیاتر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆیه بەردەوامەكان به ئامانجی سه پاندنی ڕێککەوتن به سەر هیچ لایه نێک نییه، به ڵکو بە مەبەستی گەیشتن به چارەسەرێك که لای لایەنەكانی پەیوەندیدار قبوڵ بکرێت و ئاشتیی بەردەوام به ده ست بهێنێت.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا، کە ڕایگەیاندبوو، ڕوسیا "ئامادەیە" کۆتایی بە ململانێکانی ئۆکرانیا بهێنێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو پرەنسیپانەی کە بە وتەی ئەو لە ساڵی 2024دا لە وەزارەتی دەرەوە دایڕشتووە.
سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریدا لە دەرئەنجامە "سەختەکان" ئەگەر سەروەت و سامانی بەستووی ڕووسیا بۆ بەرژەوەندی ئۆکرانیا بەکاربهێنرێت.
پوتین جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی لە ئۆکرانیا بە درێژایی تەواوی هێڵی پێشەوە پێشڕەوی دەکەن و ستایشی دەستکەوتەکانی ئەم دواییەی سوپای ڕووسیای کرد. وتی "هێزەکانمان بە درێژایی تەواوی هێڵی بەرکەوتن پێشڕەوی دەکەن دوژمن بە هەموو ئاراستەکان پاشەکشە دەکات."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها باسی لە دۆخی ڤەنزوێلا کرد و وتی کە "دۆخی ئێستا سەبارەت بە ڤەنزوێلا ناتوانرێت بەردەوام بێت و دەبێت بگۆڕدرێت".
