رۆژی پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەم، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکرای کرد: ''کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، لە ڕێگەی دابینکردنی سکۆلەرشیپی هاوبەشەوە، بڕیاری داوە یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکان بۆ خوێندنی ماستەر بنێرێتە ئیتاڵیا''.
ئەم سکۆلەرشیپە هاوبەشە سەرجەم دەرچووە یەکەمەکانی گشت بەشە زانستی و مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سەلاحەدین بۆ ساڵی ئەکادیمی 2024- 2025 دەگرێتەوە.
ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی سەردانێکی پێشووی شاندی زانکۆی سەلاحەدین بووە بۆ ئیتاڵیا. لە ماوەی ڕابردوودا و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆ، شەریف مەولوود شەریف، یاریدەدەری سەرۆكی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەمەبەستی هەماهەنگی ئەکادیمی و زانستی سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.
لەو سەردانەدا، دوو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەریەک لە زانکۆی (Piedmont) لە شاری نۆڤارا (Novara) و زانکۆی (Pavia) لە شاری پاڤیا واژۆ کراوە، کە تیایدا ڕێککەوتوون قوتابییانی ساڵی 2024- 2025 بۆ خوێندنی ماستەر ڕوو لەو زانکۆیانە بکەن.
سەبارەت بە شێوازی خەرجییەکان:
لە ئەستۆی زانکۆ: کرێی خوێندن و تێچووی Tuition fee و Bench fee لەلایەن زانکۆی سەلاحەدینەوە دابین دەکرێت.
لە ئەستۆی قوتابی: تێچووی سەفەر و مانەوە و گوزەران لە ئەستۆی قوتابیی پێشکەشکار دەبێت.
چۆنیەتیی پێشکەشکردن:
قوتابییە یەکەمەکان بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر و وردەکاریی پرۆسەکە، دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
