لێپرسراوێكی كۆشكی سپی بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاندووە، كۆتایی ئەم هەفتەیە، لێپرسراوانی ئەمریكا و روسیا لە میامی باشووری رۆژهەڵاتی ویلایەتی فلۆریدا خولێكی تری گفتوگۆكانیان لەبارەی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆكرانیا دەستپێدەكەن.
ئەم خولەی كۆبوونەوەكان لەكاتێكدایە، ڤۆلۆدمێر زلینسیكی لە دوو رۆژی رابردوودا كۆنووسێكی لەبارەی دانوستانەكانی بەرلین لەنێوان ئۆكرانیا و ئەمریكا ئامادەكرد و هۆشداریدا لەوەی مۆسكۆ خۆی بۆ ساڵێكی نوێی جەنگ" ئامادە دەكات.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی پۆلیتیكۆ، پێشبینی دەكرێت ستیڤ ویتكۆف نوێنەری ترەمپ و جارێد كوشنەر-ی زاوای بەشێك بن لە وەفدی ئەمریكی، لەكاتێكدا بڕیارە كیریل دیمیتریڤ نوێنەری ئابووری ڤلادیمیر پوتین بەشێك بێت لە لایەنی روسی .
ئۆكرانیا و ئەمریكا دەڵێن، پێشكەوتن لە پرسی گەرەنتی ئاسایشی داهاتوو بۆ كیێڤ بەدیهاتووە، بەڵام ناكۆكی هەیە لەسەر ئەوەی ئۆكرانیا دەبێت دەستبەرداری كام خاك بێت، چونكە بەپێی ئامارەكان روسیا تائێستا نزیكەی سەدا 20ی خاكی ئۆكرانیای كۆنتڕۆڵكردووە.
