ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ١٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، ئه‌سیر داود غرێری، وه‌زیری بازرگانیی عێراق له وته‌یه‌كدا كه له‌میانی چالاكییه‌كانی هه‌فته‌ی دەستپاکیدا پێشكه‌شی كرد، وتی، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتی و ئیراده‌وه به‌رده‌وامه له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر دۆسیه‌یه‌ك كه گومانی گه‌نده‌ڵی لێبكرێت به‌مه‌به‌ستی ره‌وانه‌كردنی بۆ به‌رده‌م دادگا.
غرێری جه‌ختیشی كرده‌وه، له‌ماوه‌ی داهاتوودا وه‌رچه‌رخانێكی ئه‌لیكترۆنی گه‌وره له وه‌زاره‌ته‌كه‌یان راده‌گه‌یه‌نن و كۆمه‌ڵێك به‌رنامه و خزمه‌تگوزاری ده‌خه‌نه‌ڕوو كه پێشتر نه‌بوون، ئه‌وه‌ش سنوورێك بۆ گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان داده‌نێت.
وه‌زیری بازرگانی عێراق له‌باره‌ی کارتی بەشەخۆراكه‌وه وتی، زیاتر له چوار ملیۆن و ٤٠٠ هه‌زار ناوی دووباره و وه‌همی و گه‌شتیار له كۆبۆنی خۆراكدا ئاشكراكراون كه له‌ماوه‌ی ٢٥ ساڵی رابردوودا له‌لایه‌ن بریكار، خێزان یاخود فه‌رمانبه‌ری په‌یوه‌ندیداره‌وه، هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كیان له‌باره‌وه نه‌دراوه.
