Apora Logo

ڕۆژنامەیەک: ئیسرائیل خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ حزبوڵڵا ئامادە دەکات

ڕۆژنامەیەک: ئیسرائیل خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ حزبوڵڵا ئامادە دەکات

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرایدەکات، تەلئەبیب خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ حزبوڵڵا ئامادە دەکات، لەکاتێکدا وادەی داماڵینی چەک لە باشووری ڕووباری لیتانی لە کۆتایی ئەمساڵدا نزیک دەبێتەوە.

17/12/2025

ڕۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، کە ئیسرائیل بە جددی بیر لە ئەنجامدانی ئۆپراسێونی سەربازی دژی حزبوڵڵا دەکاتەوە، بەشێوەیەک کە پێیوایە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حزبوڵڵا بووەتە شتێکی حەتمی، چونکە ڕێکخراوەکە "بە خێراییەکی زیاتر چالاک دەبێتەوە و بەهێزتر دەبێت".


ڕۆژنامە ئاشکراشیکردووە، تەلئەبیب، واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە سوپای لوبنان ئەرکی پێویست جێبەجێ ناکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە دابەزینی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵڵا لەم قۆناغەدا کردوە.


پێشتر ڕۆژنامەی ئیسرائیلی هایوم بڵاویکردەوە، دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیل هەوڵدەدات چەند ڕۆژێک شەڕ لە لوبنان ئەنجام بدات، لەو ماوەیەدا توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا نەک تەنها لە باشووری وڵاتەکەدا بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەش لەناودەچن، بە گرنگیدان بە بەیرووتی پایتەخت، کە حزبوڵڵا ژێرخانی خۆی تێیدا نۆژەن دەکاتەوە، بەپێی ڕۆژنامە ئیسرائیلیەکە.


ئیسرائیل هایۆم ئاماژەی بەوەدا کە نەتانیاهۆ لەگەڵ ترەمپ قسە دەکات سەبارەت بە پێویستی ئیسرائیل بۆ گرتنەبەری هەنگاو دژی حزبوڵڵا و هەماهەنگی لەگەڵیدا، بە لەبەرچاوگرتنی گومانەکانی ئیسرائیل لە توانای سوپای لوبنان بۆ داماڵینی چەک لە حزبەکە.


ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵدەدات چارەسەرە دیپلۆماسییەکان لە لوبنان تەواو بکات پێش ئەوەی هەر هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بنێت.

;