ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ لەڕێگەی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەمارۆکەی ڕاگەیاند و گوتی: ڤەنزوێلا داهاتی نەوت بۆ دابینکردنی بودجەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چالاکییە تاوانکارییەکانی دیکە بەکاردەهێنێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا نووسیویەتی : "ئەمڕۆ فەرمانێکم دەرکردووە بۆ سەپاندنی گەمارۆی تەواو بەسەر هەموو ئەو نەوتهەڵگرە سزادراوانەی کە دەچنە ناو ڤەنزوێلا و دەردەچن".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەشتییە دەریاییە گەورەیەی ئەمریکا کە لە کەناراوەکانی کاریبی جێگیرکراوە زیاتر دەبێت تاوەکو ڤەنزوێلا "هەموو ئەو نەوت و زەوی و سەروەت و سامانەی دیکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە پێشتر لێی دزیوین".
ئاماژەی بەوەشدا، ڤەنزوێلا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانیی دەستنیشان کراوە. ڤەنزوێلا بە تەواوی لەلایەن گەورەترین کەشتیی دەریایی کە تا ئێستا لە مێژووی ئەمریکای باشووردا کۆکرابێتەوە گەمارۆ دراوە.
جەختیشی لەوەکردەوە "نیکۆلاس مادۆرۆ نەوتی کێڵگە دزراوەکانمان بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییەکانی".
لای خۆیەوە ڕۆژی سێشەممە ڤەنزوێلا لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی "دزین"ی کەشتییەکی نەوتهەڵگری کرد لە 10ی کانوونی دووەم کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیرا.
هاوکات مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا، جێگیرکردنی سەربازیی ئەمریکای نزیک لە وڵاتەکەی بە بەشێک لە پلانی ڕووخان و "دزین"ی، نەوتی زۆری ڤەنزوێلا لە ژێر پەردەی ئۆپەراسیۆنی دژە ماددەی هۆشبەر، زانی.
هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلادا گرت و تۆمەتباریان کرد بە گواستنەوەی نەوت لە بازاڕی ڕەشەوە.
کاراکاس لە نامەیەکدا بۆ دیپلۆماتکاری سلۆڤینی ساموێل زبۆگار کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتی سووڕاوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدەستەوەیە ئیدانەی ئەو کارە بکات کە بە کردەوەی "دزەکردنی دەریایی بە سپۆنسەری دەوڵەت و بەکارهێنانی نایاسایی هێزی سەربازی لە دژی کەشتییەکی تایبەت و دزینی بارێک کە لە ئەنجامی بازرگانی شەرعی نێودەوڵەتییەوە سەرچاوەی گرتووە".
هەروەها داوای لە ئەمریکا کردووە کە تیمی کەشتییە "ڕفێندراوەکان"ی کەشتییەکە ئازاد بکات.
ڤەنزوێلا کە خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوتی جیهانە، ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە ساڵی 2019ەوە ڕووبەڕووی قەدەغەکردن بووەتەوە کە ناچاری دەکات لە بازاڕی ڕەشدا بە نرخێکی داشکاندراو بیفرۆشێت.
