بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری وەزارەتی دارایی هەرێم، هەموو ئامادەکارییەک بۆ دابەشکردنی مووچە کراوە و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی بەغدادن، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی 10 بدرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لیستی مووچەی ئەو مانگە لە 25ـی تشرینی دووەمی 2025ـەوە ڕادەستی بەغداد کراوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد: 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی ئامادەکراوە. بەڵام بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، میکانیزمەکە بەو جۆرەیە کە سەرەتا دەبێت حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی مووچە بدات، ئینجا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە ڕادەست دەکات.
