چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای دانیشتنی خێرای پەرلەمان دەکات
ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا گرنگترین پێشهاتەکانی سیاسی و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ کران.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە تاوتوێکردنی شایستە نیشتمانییەکانی پەیوەست بە قۆناغی داهاتوو و باسکردنی ڕێڕەوەکانی پێکهێنانی حکومەت بەگوێرەی چوارچێوە دەستوورییەکان کرا.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای کرد لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و هەنگاو بنرێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
چوارچێوە جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستانەکان لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بە ڕۆڵی خۆی کرد لە قۆناغە هەستیارەکاندا و دەڵێت، چوارچێوە ڕۆڵی گێڕاوە لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە سیاسییەکان بە گیانی هاوسەنگی و ژیرییەوە.
ئەوەش خرایە ڕوو، کە چوارچێوە مەرجەعێکی سیاسییە و بەشداریی کردووە لە پاراستنی سەقامگیری و پشتیوانیکردنی ڕێڕەوی دەستووریی دەوڵەت.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت و یەکلاکردنەوەی پۆستە سەرەکییەکان چڕ بوونەتەوە.
