ناوەندی قەیرانەكان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەداتای ورد، زیانی لافاوەكەی هەفتەی ڕابردوی ناوچە جیاوازەكانی بڵاوكردەوەو بەپێی داتاكان زیانیگ ەورە بەر سلێمانی و دەوروبەری كەوتوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە 15ی کانونی یەکەمی 2025، ئاماری فەرمی زیانەکانی شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارین و لافاوی بڵاو کردەوەو بەپێی ڕاپۆرتەکە، جگە لەگیانلەدەستدانی 5 هاوڵاتی و برینداربونی 19ی دیکە، زیانی ماددی بە 2376 ماڵ و سەدان پرۆژەی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ گەیشتوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەشڵێت، ئەم داتایانە ئەگەری گۆڕینانیان هەیە، چونکە پرۆسەی تۆمارکردنی زیانەکان کۆتایی پێنەهاتوە.
پارێزگای هەولێر:
بڕی دابارینی باران لەپارێزگای هەولێر لەڕێکەوتی (2025/12/8) لەسەنتەری شار (25,6) ملم باران بووە.
ڕێژەی دابارین لەڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) لەپارێزگای هەولێر (14,1) ملم بووە.
بەشێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نەکراوە، تەنیا ئاو لەچەند ناوچەیەک کۆبوەوە.
لەگوندی قوشتەپە سەر بەناحیەی شەمامک، (6) ماڵ ئاو چوەتە ناو ماڵەکانیان.
بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی لێڵی ئاو، زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکەونە سەر زێی گەورە بەرهەمهێنانیان ڕاگیراوە، ئەم ڕاگرتنەش بۆ ماوەی (24 تاوەکوو 48) کاتژمێر بەردەوام دەبێت. بۆیە داوا لەهاوڵاتییان کراوە دەست بە ئاوەوە بگرن.
بەهۆی هەورە بروسکەوە (6) پێشمەرگە لەسنوری بالیسان بریندار بون، کە برینەکانیان سوکن و (5) لە نەخۆشخانەی ڕانیە چارەسەریان وەرگرتوەو ئێستا گەڕێنراونەتەوە شوێنی خۆیان و تەنیا یەکێکیان بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی ڕەوانە کراوە بەمەبەستی چارەسەر.
لەقەزای تەق تەق زیاتر لە (107) باخ و دانەوێڵەی هاوڵاتییان زیانی بەرکەوتوەو (87) بیری ئاو زیانی بەرکەوتوەو (14) ماڵ لەو قەزایە زیانی بەرکەوتوەو (78) پرۆژەی ماسیش لەناوچون کە (379،900) ماسی تێدا بوە، دوو تراکتۆری هاوڵاتیش زیانی پێگەیشتوە.
پارێزگای سلێمانی:
بەشێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لەڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (61,3) ملم بوە، بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو ڕۆژدا.
لەڕێکەوتی (2025/12/9) دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلێزمە هەمان پارێزگای گرتەوە کە تاوەکوو شەو بەردەوام بوو بڕی دابارین گەیشتە (122,7) ملم، کە بوە هۆی ئەوەی چەندین ماڵ و قوتابخانە لەگەڕەکی ڕاپەڕین ژێر ئاو بکەون، ئاو لەچەندین شەقامی سەرەکی کۆببێتەوە.
بەڵام لەقەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەو شۆڕش، ڕێژەی دابارینی باران بەشێوەیەکی زۆر بەلێزمە بوە لەماوەی (4) کاتژمێر لە نێوان (11 نیوەڕۆ بۆ 2ی نیوەڕۆ)ی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) بڕی (80) ملم بوە، کە تەنیا لەو ڕۆژەدا (127,1) ملم باران لەچەمچەماڵ و لەتەکیە (173,5) ملم باریوە، کە بوەتە هۆی دروستبونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە.
زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:
دوو کەس گیانی لەدەستداوە.
(12) کەس بریندار بوە.
یەک کەس بێ سەر و شوێنە.
(600) ماڵ لەقەزای چەمچەماڵ و (600) ماڵ لەشۆڕش و (400) ماڵ لەتەکیە زیانی بەرکەوتوەو لەپارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتوە.
زیاتر لە (100) دوکان و کۆگا ئاو چووتە ناویان و (5) فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچوەو کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.
کارەبا لەقەزای چەمچەماڵ بڕاوەو هێڵەکانی ئینتەرنێت کێشەیان تێکەوتوەو بنکەی کەشناسی قەزاکە زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.
لەقەزای چەمچەماڵ زیان بە (8) قوتابخانە کەوتوە.
تەنها لەقەزای چەمچەماڵ نزیکەی (200) ئۆتۆمبێل زیانیان پێکەوتوە.
لەناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە (400) حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتون.
لەهەرێم کە لەسنوری پارێزگای سلێمانی و قەزای شارەزورو چەمچەماڵ و دوکان و شارباژێڕو پێنجوێن، لە ناوەندەکانی خوێندن کراوە بە پشوی فەرمی بۆ ڕێکەوتی (2025/12/9).
دیواری قوتابخانەیەک لەقەزای تەکیە ڕوخاو زیانێکی زۆر بەر قوتابخانەکە کەوت. و تەواوی دۆسیەی قوتابخانەکە لەناوچوە.
لەناحیەی پیرەمەگرون، زیان بە (118) ماڵ کەوتوەو هەروەها (46 دوکان و (12) مەخزەن ئاو چووتە ناوی، و (4) ئۆتۆمبێل و (1) تراکتۆر زیانی پێگەیشتوە. بینایی یانەی وەرزشی پیرەمەگرون ئاوی تێچوو، دیواری مزگەوتی مەلا مەحمود ڕوخاوە.
لەقەزای دوکان (7) ماڵ و (15) دوکان و مارکێت و ڕێستۆرانت زیانیان بەرکەوتوە.
نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن ئاویان تێچوە.
بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی زێی بچوک، زیانی ماددی بەگوندەکانی کەپەنک و سماقە و جگیکە و قەرەناو کەوتوە.
پردی مەڵەتەبە لەقەزای ماوەت بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاو لەو ناوچەیە، هاتوچۆی ماوەت ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە کە گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان.
لەناحیەی تەکیە لەکێڵگەیەکی پەلەوەر زیاتر لە (15) هەزار جوچکە مرداربوەتەوە بەهۆی لافاوەوە.
ناحیەی قەرەهەنجیر بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە (10) گوند لەسنورەکە زیانیان بەرکەوتوە، کە دیارترینینان گوندەکانی (باشبڵاخی سەرو و خواروو، شێخجری، تەییمەزاوا، شێرەدەرە و قەرەوەیس)ن.
لەقەزای دوکان، پردی زەرزی لەنێوان گوندەکانی ناحیە کە سەیرانگەی چەمی ڕێزان ڕوخاوە. ڕێگەی سەرەکی بۆ گوندی شێخ زێنڵ دارماوەو ڕێگەیەک لەناو گوندی شاقوڵی تێکچووە.
لەقەزای شارەزور، (14) ماڵ زیانی بەرکەوتوەو (3) پردیش دارماوە و نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگ زیانی پێگەیشتوە.
لەبازیان، (91) یەک ماڵ زیانی بەرکەوتوەو (108) خانووی پلاستیکی بە تەواوەتی تێکشکاون و (66) خانوی پلاستیکی ئاو چوتە ناویان و زیانیان بەرکەوتوە.
لەقەزای بازیان، (12160) مریشک و (6) پڕۆژەی هەنگی و (33) عەلەشیش و (7) کۆتر و (6) مانگا و (65) سەر مەڕ و بزن خنکاون.
پارێزگای دهۆک:
بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (23,6) ملم بوە لەڕێکەوتی (2025/12/8) و بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوەو ڕێژەی دابارین لەڕێکەوتی (2025/12/9) بە بڕی (1,8) ملم بوە.
پارێزگای هەڵەبجە:
بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (54) ملم بوەو سوپاس بۆ خوا جگە لەگیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.
ڕێژەی دابارین لەڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) لەپارێزگای هەڵەبجە (92,5) ملم بووە، و لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە. (6) ماڵ لەناوەندی هەڵەبجە زیانی بەرکەوتوە. کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەلامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە هاوکاری کراون و خاوەن کێڵگەیەکش (8) سەر مەڕ و بزنی خنکاوە.
ئاستی ئاوی ڕوباری سیروان بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوی لەزیادبون کردوە.
پارێزگای کەرکوک:
بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (26,7) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8)، و لەڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگاکە (39,4) ملم باران باریووە. زیانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەن:-
ئاو لەیەکێک لەقوتابخانەکان لەگەڕەکی شۆراوە ئاو چوتە قوتابخانەکە، بەڵام لەناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لەپردەکان ئاو بردوویەتی و لەئێستادا ڕێگەی کەرکووک – لەیلان داخراوە.
لەگوندەکانی سەر بەناحیەی لەیلان نزیکەی (400) ماڵ زیانیان پێگەیشتوە.
بەداخەوە منداڵێکی تەمەن (7) ساڵ لەگوندی فرقانی بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی خنکاوەو ئێستا تەرمەکەی لەنەخۆشخانەی لەیلانە.
پردێکی ستراتیجی لەقەزای داقوق دارماوە بەهۆی ئەمەش هاتوچۆی نێوان کەرکوک و بەغدا نەماوە
بەشی پزیشکی دادوەری لەنەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی شێرپەنجە لەگەڕەکی شۆرجە ئاو چوەتە ناوی و زیانی بەو نەخۆشخانانە گەیاندوە.
ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە گەڕەکی شۆراوە، ئافرەتێک گیانی لەدەستداوە بەهۆی تەزوی کارەبا.
هەر ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) کارمەندێکی شارەوانی لەکاتی کارکردن لەگەڕەکی ڕەحیماوا، کارەبا گرتویەتی و بەسەختی بریندار بوە.
نزیکەی (35) ماڵ لەگەڕەکی شۆراوە ئاو چوتە ماڵیان و زیانی ماددی زۆری پێگەیاندون.
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان
ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (50) ملم بوە لەڕێکەوتی (2025/12/8)، و خۆشبەختانە تەنیا ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆ بوەتەوە کە دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوەو زیانێکی وەهای نەبوە.
بەڵام ڕێژەی دابارین لەدوای نیوەڕۆی ڕێکەوتی (2025/12/9) زۆر بوە کە بەنزیکەیی (76,6) ملم بوە، کە بوەتە دروستبونی لافاو لەناحیەی ڕزگاری و کەلار و زیانێکی زۆر هەبوە. کە بەم شێوەی خوارەوە بوە:-
لەڕێکەوتی (2025/12/10) منداڵێک لەسەر پردێکی ناو کەلار کەوتە خوارەوەو لەناو ئاوی لافاودا خنکا.
زیانێکی بەر بازاڕی قەزای ڕزگاری کەوتوەو (5) دوکان زۆر زیانی پێگەیشتوە.
ئاو چوەتە ناو (167) ماڵ و زیانی ماددی بەر هاوڵاتییان کەوتوە.
ڕێگەی نێوان هەر دوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە.
ڕێگەی نێوان کەلار – کفری داخراوە.
هاتوچۆی نێوان گەرمیان و سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکان داخران، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت.
لەگەڕەکی گۆران لە کەلار بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە پردی لەنێوان هەر دوو گەڕەکی بەری گۆران و بەری سەرکەوتن، چەندین ماڵ ئاو چوەتە ماڵەکانیان.
(4) ئۆتۆمبێل ژێر ئاو کەوتن و زیانیان پێکەوتوە.
بەشێکی پرۆژەی ئاو دێری سەلام، کە شادەماری ژیانی گەرمیانە، ئەو بەشەی لە هەوارە سورەیە بەتەواوەتی ئاو بردویەتی.
پرۆژەی شێخ لەنگەر زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.
پرۆژەی باوەجۆو سەرچاوەکانی بەتەواوەتی پڕ بوەتەوە.
بەشێک لەڕێگەوبانەکانی گەرمیان زیانیان بەرکەوتوە.
زیانێکی بەرچاو بەر تۆڕی کارەبا کەوتوە.
پردی پێکەوەبەستنی هەردوو قەزای کفری و ڕزگاری لەناحیەی سەرقەڵا داروخاوەو ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوە.
ژمارەیەک پرۆژەی حەوزی بەخێوکردنی ماسی و خانوی پلاستیکی کشتوکاڵ و مەرەشەی ئاودانی دەستکرد بە تەواوەتی لەناوچون
ژمارەیەک لەسندووقی هەنگ لەناوچون، ژمارەیەک پەلەوەر و مەڕی گوندەکان مرداربونەتەوە.
شەقامی پشتیینەی کەلار زیانی بەرکەوتوە، شوشتەکانی ناو شار لەقەزای ڕزگاری تێکشکاون، بەر بەستی لافاوی سەید خەلیل – گۆپان زیانی بەرکەوتوە.
(1063) مریشک و عەلەشیش و 60 سەر مەڕو بزن و (2) مانگا و (60) کۆتر و (76) قاز، ئاو بردویانەتی و خنکاون.
(11) پرۆژەی باخداری و گەنم و جۆ ئاو بردویەتی کە زیاتر لە (200) دۆنم زەوی بونە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:
ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە نزیکەی (25,6) ملم بوە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) بەڵام دابارینێکی زۆری بەفر هەبوو لە ناوچە سنورییەکان بەتایبەت لەدەروازەکانی (زێت و حاجی ئۆمەران) کە بوەتە هۆی پەکدادان لەنێوان دوو بارهەڵگر، شاخەکانی (سیدەکان) بەفر دایانی پۆشیوە. دەڤەری باڵەکایەتی تاوەکوو چۆمان بەفرێکی زۆر باریوە.
بەبڕی دابارینی ڕێکەوتی (2025/12/9) نزیکەی (12,3) ملم بوە.
بەهۆی کەوتنە خوارەوەی تاشە بەردێک ئاستەنگی هاتوچۆ لەڕێگەی سەرەکی گەلی عەلی بەگ- بێخاڵ دروست بوبوو، بەڵام لە لایەن بەڕێوەبەڕایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبان و تیمی وەلامدانەوەی خێرا بەزوی لابرا.
بەهۆی دارمانی شاخ، خانوی هاوڵاتیی لەشارۆچکەی قەسری لەقەزای چۆمان ڕوخاو لەگوندی خانەقا، دیواری ماڵی هاوڵاتیی ڕووخاوە. و لەسیدەکان، بەهۆی باران بارینی بەلێزمەوە، خانوی هاوڵاتیی ڕۆچوەو ڕوخاوە، لەقەزای مێرگەسوریش دیواری خانووەک دارماوە.
ل زۆربەی ڕێگە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران ئەم سێ ڕۆژەی ڕابردوو بەرد و دارمانی هاتنە خوارەوەی قوڕ و لیتاو هەبوو بە تایبەت لە (ڕێگەی هاملتۆن_ گەلی شکەوێن _ سەری بەرد _ زینی وەرتێ _ ڕێگای سمیلان)
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:
ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (13) ملم بووە و لە ڕێکەوتی (2025/12/9) بڕی دابارین (18,5) ملم بوە، لەو ئیدارەیە هیچ
زیانێک تۆمار نە کراوە. ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور لە (95) سم بۆ (205) سم بەرزبوەتەوە و لە لایەن تیمەکانی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەردەوام چاودێری دە کرێت.
ڕێگای گوندی کانی ڕهاڵ نزیک جادەی گشتی زەویە کە ڕۆچووە و هاتووچۆی سەیارە ڕاگیراوە.
ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین:
بڕی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (84) ملم بووە. هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نە کراوە، بەڵام ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە و (3) ماڵ لە قەزای حاجی ئاوا کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئاوە کە و زیانی ماددی هەبووە. و لە ڕێکەوتی (2025/12/9) بڕی دابارین (22,5) ملم بووە.
لەسنوری دەروازەی کێلێ، بەفرێکی زۆر باریوە کە ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ شۆفێران دروستکردووە. بەڵام ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) دەروازەکە بە تەواوەتی داخرا و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە ڕاگیرا. ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/11) هاتووچۆ لە دەروازەی کێلێ ئاسایی بوەوە.
