Apora Logo

دایکی هێرشبەرەکەی سیدنی: پێی وتم کە دەچێتە گەشتێکی ڕاوکردن

دایکی هێرشبەرەکەی سیدنی: پێی وتم کە دەچێتە گەشتێکی ڕاوکردن

دایکی ئەو کرێکارە بیناسازییەی کە ڕۆژی یەکشەممە هێرشەکەی سیدنی ئەنجامدا، ڕایگەیاند کوڕەکەم پێش ئەنجامدانی هێرشەکە پێی وتم" کە دەچێتە گەشتێک بۆ ڕاوکردن"، ڕووداوەكه‌ش بووە هۆی کوژرانی 16 کەس و برینداربوونی 40 کەسی دیکەش.

15/12/2025

ڤێرێنا، دایکی نەوید ئەکرەم تەمەن 24 ساڵ، کە بەم دواییە بێکار بووە، دەڵێت کوڕەکەی و باوکە تەمەن 50 ساڵیەکەی بە خێزانەکەیان وتووە، لە کۆتایی هەفتەدا دەچنە گەشتێکی ماسیگرتن و مەلەکردن.


ڕۆژنامەی سیدنی مۆرنینگ هیرالد لە زاری ڤێرینا نووسیویەتی، ئەکرەم ڕۆژی یەکشەممە، پێش هێرشەکە، تەلەفۆنی بۆ کردووە و ڕایگەیاندووە کە چووەتە ڕاو و مەلەکردن.


دایکی ئەکرەم لە ماڵەکەی خۆیەوە لە بۆنی ڕیج کە لەلایەن پۆلیسەوە دەورە دراوە، بۆ میدیاکان قسەی کرد و جەختیلەوە کردەوە کە کوڕەکەی "کوڕێکی باشە" دوورە لە توندوتیژی یان توندڕەوی، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو نە جگەرە دەکێشێت و نە دەخواتەوە و خاوەنی چەکی ئاگرین نییە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو مانگ پێشتر وەک کرێکاری بیناسازی کاری کردووە، دایکەکە پشتڕاستی کردەوە کە نەیتوانیوە کوڕەکەی بناسێتەوە لەو وێنانەی کە لە شوێنی تەقەکردنەکە گیراوە.


پۆلیس ئەکرەمیان لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیرکرد و گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ لەژێر پاسەوانیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە، باوکی لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا.


لەلایەکی دیکەوە پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی ئەنجامدەرانی "هێرشی سیدنی"، لەنێویاندا ماڵی خێزانەکەی لە بۆنی ڕیج و ناونیشانێکی دیکە لە کامپسی کە پێدەچێت باوک و کوڕەکە پێش هێرشەکە لەوێ ماونەتەوە.


کۆمیساری پۆلیسی نیو ساوس وێڵز مال لانیۆن پشتڕاستیکردەوە کە شەش چەکی ئاگرین لە شوێنی تاوانەکە و لە ناونیشانی کامپسی دۆزرایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکان دیاری دەکەن کە ئایا ئەم چەکانە هەمان ئەو چەکانەن کە مۆڵەتیان بە باوکەکە دراوە یان نا.


;