Apora Logo

كه‌شناسی: باران و بەفر دەستپێدەکاتەوەو پله‌كانی گه‌رماش بۆ سفر داده‌به‌زێت

كه‌شناسی: باران و بەفر دەستپێدەکاتەوەو پله‌كانی گه‌رماش بۆ سفر داده‌به‌زێت

كه‌شناسی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ نمەباران ده‌ستپێشده‌كاته‌وه‌ و سبه‌ینێش ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران و هه‌روه‌ها بەفر لەزۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت و پله‌كانی گه‌رماش بۆ سفر داده‌به‌زێت.

15/12/2025

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەکاتەکانی درەنگ ئاسمان بەرەو هەوری تەواو دەگۆڕێت بەتایبەتی لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم (پارێزگای دهۆک) لەگەڵ دەستپێکردنی نمەبارانی کەم لەناوچە سنوریەکانی رۆژئاوا. 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، خێرایی با له‌سه‌رخۆ ده‌بێت و له‌ نێوان 5 بۆ 15 كیلۆمه‌تر ده‌بێت و ئاڕاسته‌ی با گۆڕاو ده‌بێت، پلەکانی گەرما بەگشتی نزیک دەبنەوە ناوچە شاخاوییەکان نەبێت کەمێک نزم دەبنەوە بە (1 – 3) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.


به‌گوێره‌ی كه‌شناسی، سبه‌ی سێشه‌ممه‌ ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران لەکاتەکانی بەیانی لەناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک پاشان کاریگەری درێژدەبێتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر لەگەل ئەگەری نمەبارینێکی کەم لەسەنتەری شاری هەولێر.


ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، هەروەها سبه‌ی بەفر لەزۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت بەتایبەتی لە ناوچە سنورییەکان, پاشان بۆ کاتەکانی درەنگانی شەو کەش سەقامگیر دەبێتەوە. 

 

په‌یوه‌ست به‌ پله‌كانی گه‌رما، كه‌شناسی ده‌ڵێت، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە ( 3- 5 ) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ لەناوچە سنوریەکان بۆ سفری سیلیزی دادەبەزێت.



بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی


هەولێر : 9 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 9 پلەی سیلیزی

دهۆک : 6 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 6 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 12 پلەی سیلیزی 

هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی

سۆران: 7 پلەی سیلیزی

ئاکرێ : 4 پلەی سیلیزی

ئامێدی: 8 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 8 پلەی سیلیزی

;