Apora Logo

دووەم ڕۆژی گفتوگۆ؛ کیێڤ سازش دەکات، مۆسکۆش پێداگرە لەسەر هەڵوێستەکانی

دووەم ڕۆژی گفتوگۆ؛ کیێڤ سازش دەکات، مۆسکۆش پێداگرە لەسەر هەڵوێستەکانی

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بەرلین میوانداری دووەم ڕۆژی دانوستانی چڕ و پڕ لە نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کیێڤ بکات.

15/12/2025

لە کاتێکدا ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکاکە شانبەشانی جارێد کوشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندەکەی ئەمریکا دەکات، گفتوگۆکانی دوێنێی بە ئەرێنی وەسف کرد، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش ئاشکرایکرد، کە وڵاتەکەی دەستبەرداری ماف و خەونی خۆی بووە بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ، لە بەرامبەردا ئەمریکا گەرەنتی ئاسایشی کێیڤ بکات.


بەپێی زانیاری میدیاکان، هەندێک خاڵی سەرەکی ناکۆکی تا ئێستا چارەسەرنەکراون، لەوانەش ڕەتکردنەوەی داوایەکی واشنتۆن لە لایەن کێیڤ کە هێزەکانی لەو بەشەی ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵات بکشێنێتەوە کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە.


هەروەها بەرپرسانی ئەورووپا و ئۆکرانیا خوازیاری ڕوونکردنەوەبوون لەسەر ئەوەی ئەگەر ڕووسیا ڕێککەوتنی ئاشتی پێشێل بکات و هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، ئەمریکا چی دەکات؟


ئەم دوو بابەتە – ​​ئیمتیازاتی خاک و گەرەنتی ئەمنی – بە گوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەمڕۆ لە بەرلین جێگەی سەرنجی گفتوگۆکان دەبن.


سەرەڕای ڕێککەوتن لەسەر هەندێک خاڵ، لەنێویاندا سنووردارکردنی ژمارەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە کاتی ئاشتیدا بۆ 800 هەزار سەرباز، کیێڤ ڕەتیکردەوە داواکاری واشنتۆن بۆ دەستبەرداربوون لە خاکی ناوچەی دۆنێتسک کە تا ئێستاش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە جێبەجێبکات.


زێلێنسکی چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە پرسی دەستبەرداربوون لە خاک "زۆر هەستیار و مشتومڕاوییە". بەپێی یاسای ئۆکرانیا، سەرۆک کۆمار ناتوانێت خاکی وڵاتەکەی ڕادەست بکات و لە کۆتاییدا گەلی ئۆکرانیا دەبێت لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە.


بەریتانیا، فەرەنسا و پایتەختەکانی دیکەی ئەوروپا پلانی وردیان داڕشتووە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا، لەوانەش ئەگەری بڵاوەپێکردنی هێزێکی ئاشتیپارێز بۆ ئەو وڵاتە و ئەو پلانانەیان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا تاوتوێ کردووە. بەڵام بەگوێرەی ئۆکرانیا و سەرچاوە ئەوروپییەکان، واشنتۆن تا ئێستا بڕیارێکی سیاسی نەداوە سەبارەت بەو هاوکاریانەی کە پێشکەشی دەکات.


لەبەرامبەردا هەڵوێستی ڕووسیا وەک خۆی ماوەتەوە. دوێنێ یوری ئوشاکۆڤ ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی کرێملین ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو پێشنیارانەی کیێڤ و برۆکسل خراونەتەڕوو لە پلانی ئاشتیدا، مۆسکۆ بە توندی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت.


ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکرانیا هەرگیز ناتوانێت نیمچە دورگەی قرم وەربگرێتەوە یان ئەندامێتی ناتۆ بەدەستبهێنێت.


هەروەها پێدەچێت ڕووسیا ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرامبەر بەو بڕگانەی کە ناوچەیەکی داماڵراوی سەربازی لە ناوچەی دۆنێتسک لەخۆدەگرێت.


ئوشاکۆڤ و زۆرێک لە بەرپرسانی دیکەی ڕووسیا ئاماژەیان بە ئیرادەی خۆیان کردبوو بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.



;