Apora Logo

نەوت لە سەروو 61 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نەوت لە سەروو 61 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوت بەرزبووەوەو بەشێک لە زیانەکانی هەفتەی ڕابردووی بە نزیکەیی 4%ی پڕکردەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری پچڕانی دابینکردنی نەوت بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا زیاتر بووە.

15/12/2025

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 25 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 61 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.


نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 57 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.


لەم چوارچێوەیەدا، تسویۆشی ئوینۆ، سەرۆکی ئابووریناس لە دامەزراوەی توێژینەوەی NLI، ڕایگەیاندووە، بازاڕەکان ئاراستەیەکی ڕوونیان نییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادەڕۆیی لە دابینکردندا بەهێزن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزببنەوە، ئەوا نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس ئینتەرمیدێت دەتوانێت لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا بۆ خوار 55 دۆلار دابەزێت.


لەسەر زەوی، سوپای ئۆکرانیا هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوتی ڕووسیا لە شاری یارۆسلاڤل لە باکوری ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆ، هاوکات سەرچاوە پیشەسازییەکان ڕایانگەیاندووە کە دامەزراوەکە بەرهەمهێنانی ڕاگرتووە.


لە هەمان چوارچێوەدا، پێدەچێت داهاتی نەوت و غازی حکومەتی ڕوسیا لە مانگی کانونی یەکەمدا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی نیوە دابەزێت و بگاتە 410 ملیار ڕوبڵ کە هاوتایە لەگەڵ 5.12 ملیار دۆلار، ئەمەش لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوتی خاو و بەرزبوونەوەی بەهای ڕوبڵ.


ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتی لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی دابینکردنی نەوتی ڕووسیا، کە لە ئێستادا کەوتۆتە ژێر سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی.


لە ڤەنزوێلا، هەناردەکردنی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆوە بینیوە، ئەوەش دوای دەستبەسەرداگرتنی باری نەوت و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و ئەو کەشتیانەی کە مامەڵە لەگەڵ بەرهەمهێنەری نەوتی ئەمریکای لاتین دەکەن، بەپێی داتای کەشتیوانی و بەڵگەنامە و سەرچاوە دەریاییەکان.


لە ڕووی دابینکردنەوە لە ئەمریکا، کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی هەفتەی ڕابردوو ژمارەی کارگەکانی نەوت و غازی سروشتییان کەمکردەوە بۆ دووەمجار لە ماوەی سێ هەفتەدا، بەپێی داتاکانی کۆمپانیای خزمەتگوزاری وزە بەیکەر هیوز.

;