هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاگەیاندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی دەستگیر کردنی چالاکوانەکانی مافی مرۆڤی ئێران دەردەبڕێت و ڕایگەیاند، دەبێت بەرپرسانی ئێران دەستبەجێ ئەو کەسانە ئازاد بکەن.
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ سەبارەت بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریی دەدات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، نیگەرانی خۆمان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەردەبڕین کە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستگیر کراون لەوانە، نێرگز محەمەدی، سپێدە قوولیان، پورام نازەمی، هەستی ئەمیری، عەلی موتەلیب زادە و عەلی ئەدینەزادە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دەستگیرکردنە لەکاتی مەراسیمی یادکردنەوەی خوسرۆ عەلی کوردی پارێزەری مافی مرۆڤ ڕوویداوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
باس لەوەشکراوە، دەبێت بەرپرسانی ئێران دەستبەجێ و بێ مەرج هەموو ئەو کەسانە ئازاد بکەن کە بە هۆی چالاکییەکانیان دەستگیرکراون.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی هەینی لە مەراسیمی یادکردنەوەی خوسرۆ عەلی کوردی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی و ببەبێ فەرمانی دادوەر ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران دەستگیر کران و تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، بەو هۆیەوە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.
