Apora Logo

پۆلیسی نەینەوا: پزیشکێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا ئاگری لە ژنەکەی بەردا

پۆلیسی نەینەوا: پزیشکێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا ئاگری لە ژنەکەی بەردا

ئه‌و پیاوه‌ پەنجەرەی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە هاوسەرەکەی تێیدا بوە، شکاندوە و بەنزینی فڕێداوەتە سەر دەموچاوی و ئاگری تێبەرداوە

14/12/2025

پۆلیسی پارێزگای نەینەوا دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە له‌ روداوێكی ترسناكدا ژنەکەی له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا سوتاندوە.

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا لە راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەبوتەمام، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەشی هەواڵگری زانیاری و تەکنەلۆژیا، دوای ئەوەی هەواڵی ڕوداوێکی پێگەیشتوە کە پیاوێك له‌ گه‌ڕه‌كی نەرکال لە لای چەپی موسڵ ژنه‌كه‌ی كوشتوه‌، لە ڕێگەی کامێرای چاودێری بەدواداچونەوە، توانیان تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "تۆمەتبارەکە کاری پزیشکی دەکات، هاوسەرەکەی سوتاندوە، دوای ئەوەی بەهۆی کێشەی خێزانییەوە دەستدرێژیكردوه‌ته‌ سه‌ری

به‌گوێره‌ی لێدوانی پۆلیس، ئه‌و پیاوه‌ پەنجەرەی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە هاوسەرەکەی تێیدا بوە، شکاندوە و بەنزینی فڕێداوەتە سەر دەموچاوی و ئاگری تێبەرداوە، ئەوەش وایکردوە توشی سوتانی دەم و دەستەکانی ببێت

بەگوێرەی راگه‌یه‌ندراوی پۆلیس، ئەو ژنە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ کراوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن، هەروەها ڕێکاری یاسایی بەرامبەر مێردەکە گیراوەتەبەر

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، ئەو ژنه‌ی پزیشكه‌كه‌ سوتاندویه‌تی دۆخی ناجێگیره‌ و نزیكه‌ی 40%ی جه‌سته‌ی سوتاوه‌، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی موسڵ خەوێندراوە و چاودێری پزیشکی چڕ وەردەگرێت


;