دارایی هەرێم لەبارەی 120ملیار دینار داهاتی نانەوتی زانیاری ئاشکراکرد و دەڵێت”هەرێمی کوردستان ئامادەیە؛ مووچەی مانگی 10 لە چاوەڕوانی واژۆی بەغدایە”.
میدیای پارتی، لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە (13-12-2025) ڕایگەیاندووە، کە هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان کردووە بۆ خەرجکردنی مووچە کردوە و چاوەڕێی بڕیاری بەغدان.
هەر کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدات، هەرێم لە ماوەی 24 کاژێردا 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
هێشتا مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی پێویستی نەناردووە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 کە ڕۆژی 25ی تشرینی دووەم ڕەوانەی بەغدا کرابوو، کۆتایی هاتووە. ئێستا تەنیا ماوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە لەلایەن عێراقەوە خەرج بکرێت، پێویستە هەرێم دوو مەرج جێبەجێ بکات، کە بریتین لە ڕادەستکردنی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگانە بۆ بەغدا.
