دەستەی داکۆیکردن لە سروشت موڵکی سلێمانی، ئۆباڵی زیانەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەخاتە ئەستۆی کۆمپانیا وەبەرهەمێنەرەکانی خانووبەرە و دەسەڵاتو دەڵێت "ئەگەر دەستەڵاداران و وەبەرهێنەرەکانیان کاریان بە ماستەرپلان بکردایە، ئەم هەموو زیانە گیانی و ماڵیی و ژینگەییانە لە پای چی کە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا ڕووبەڕومان دەبێتەوە؟".
دەقی راگەیاندنەکەی دەستەی داکۆیکردن لەسروشت موڵكی سلێمانی:
ئۆباڵی زیانی لافاوەکان بە ملی وەبەرهێنەرەکانی خانووبەرە و دەستەڵات
شارەکانی هەرێم رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو فراوانبوون دەچن و ژمارەی یەکەی نیشتەجێبوون و باڵاخانەکان لەپڕتاودا و لە کورترین ماوەدا هەڵدەتۆقن. کار گەیشتۆتە ئەوەی هەر پانتاییەک بەدی بکرێت لە هەر کووچەو کۆڵانێک و چواردەوەری شار و شارۆچکەکان یەکسەر لەلایەن دەستەڵاداران و وەبەرهێنەرەکانیانەوە بەخۆیان و سەرماییەکانیانەوە نەخشیەکی بیناسازی پێشتر ئامادەکراو دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە یان بەمەبەستی بازرگانی یا وەک ڤێلاو تەلاری تایبەت بە خۆیان و کەسوکارییان . هەموو ئەم شاڵاوانەش بەبێ گەرانەوەیە بۆ ماستەرپلان، کە ماستەرپلان گشت ڕەهەندەکانی سەلامەتی و ژینگەیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا و دادپەروەری کۆمەلایەتیشی لەسەر بنیاتنراوە.
گەر دەستەڵاداران و وەبەرهێنەرەکانیان کاریان بە ماستەرپلان کردوە، ئەم هەموو زیانە گیانی و ماڵیی و ژینگەییانە لە پای چی کە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا ڕووبەڕومان دەبێتەوە؟
ئەوەتا گشت شارو شارۆچکەکان لەبەردەمی بارانێکی بەخۆڕی وەرزیدا ڕووبەروی کارەساتی لافاو دەبنەوە، دوێنێ هەولێر، ئەمڕۆ گەرمیان و سلێمانی، سبەی هەموو هەرێم، دەستەڵادارانیش زۆر بێباکانە و خەمساردانە لەبەردەم میدیای ناوخۆییەکاندا دەڵێن ئەمە (کارەساتی سروشتییە)، کەچی هەر خۆیان لەبەردەمی میدیا جیهانێکاندا سنگ دەردەپەڕێنن و دەڵێن ( گۆڕانی سروشتی پرۆسەیەکی مرۆڤکردە).
ئەوەی لە دوو رۆژی ڕابووردودا لە شارۆچکەی چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکییە ڕوویاندا سادەترین نموونەی کردەوەیەکی مرۆڤکردی بێویژدان و چاوچنۆک و سەرمایەخوازە، ئەوەتا دەستەڵاداران و وەبەرهێنەرەکانیان هەستاوەن بە تێکدانی ڕاڕەوە ئاوییەکان و گۆڕینی سروشتی خاکەکەی کە هەزارەها ساڵە سروشت ئەم راڕاوا ئاوییانەی بۆ خۆی دروستکردووە و پارێزراویشە، چونکە هەم سروشت، هەم خەڵکەکە بەم دابەشکراییە سروشتیانە ئاشنان، بەڵام ئەوەی پێی ئاشنا نین ئەو تاڵانکارییەی دەستەڵاداران و وەبەرهێنەرەکانیانە کە حساب بۆ سەلامەتی تاکی کورد و مناڵ و بەتەمەن و ژن و گوزەرانی خەڵک و ژینگە و ئاژەڵی بەستەزمان ناکات.
لە پاشەڕۆژدا، هەموو ئەو داگیرکاریی و شێواندنانەی ناوچەی گۆیژە و سەرچنار وشارو شارچکەکانی تری هەرێم بێبەش نابێت لە و چارەنووس و زیانە مرۆیی و ژینگەییانەی کە شارۆچکەی چەمچەماڵ وتەکییە و شۆڕشی پێدا تێپەڕی، چونکە هەمان پرۆسەی گۆڕینی ڕارەوی ئاویی و گۆڕینی سروشتی خاکەکەیەتی بەبێ گەڕانەوە بۆ پرسی ژینگەیی و تەندروستی و کێشەکانی خزمەتگوزاری و رەچاوکردنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان وسەرچاوە ئابووریەکان و دادپەروەری ژینگەیی.
وەک دەستەی داکۆکی کردن لە سروشتت و موڵکی سلێمانی بە هەموو شێوەیەک پشتگیری تەواوی خەڵکی ناوچەی چەمچەمال و (گروپی ڕا) دەکەین کە زۆر بەڕوونی هۆکاری دروستبوونی لافاو و زیانە گیانی و ماڵییەکانی ڕوونکردۆتەوە و داوای لێپێچینەوە دەکەن لە وانەی نەخشە فراوانخواییەکان و بێ پلانەکانیان جێبەچێ کردوە.
دەستەی داکۆیکردن سروشت و موڵکی سلێمانی
