نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا رایدەگەینێت، حکومەتی نوێی سووریا بۆ دابینکردنی ئایندەی خۆی پێویستە ڕێککەوتنی ئەمنی و سنووری لەگەڵ ئیسرائیل واژو بکات.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەی "جێرۆزالیم پۆست" لە پایتەختی ئەمریکا، رایگەیاند: پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوولادا بەدەست هاتووە، زۆر نزیکین لە ڕێککەوتن لە نێوان ئیسرائیل و سووریادا، ئێمە دەگەینە ئەو قۆناغە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیمەشق دەزانێت ئایندەکەی بەندە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمنی و سنووری لەگەڵ ئیسرائیل و جەختی کردەوە، سووریا هیچ مەبەستێکی هێرشکردنی نییە و گەیشتن بەو ڕێککەوتنە دەتوانێت هەنگاوی یەکەم بێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و سوودوەرگرتنی هاوبەش لە ناوچە سنوورییەکان.
ووتیشی، ئیسرائیل هێشتا متمانەی تەواوی نییە، بۆیە پێشکەوتنەکە خاوە؛ بەڵام سووریا بە تەواوی هاوکارمان بووە و هەموو شتێک کە داوای بکەین، جێبەجێ دەکات، لەوانەش نزیکبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل.
