Apora Logo

هاکان فیدان: پێویستە هێزە کوردییەکانی سوریا لەژێر فەرماندەیی دیمەشق دابن

هاکان فیدان: پێویستە هێزە کوردییەکانی سوریا لەژێر فەرماندەیی دیمەشق دابن

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پێش ئەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ سوریا بکرێتەوە، پێویستە ئەو هێزە کوردیانەی کە زۆربەی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کۆنترۆڵکردووە، بێنە ژێر فەرمانی حکومەتی ناوەندی سوریا.

10/12/2025

تەلەفزیۆنی "TRT"، لە زاری هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، کە ئەنقەرە بە نیازە هەموو دەروازەسنوورییەکان لەگەڵ سوریا بە شێوەیەکی سەرەتایی بکاتەوە، "بەڵام بۆ کردنەوەیان، دەبێت ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە جێبەجێ بکرێت".


وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەو ڕێککەوتنە دەکات کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا لە 10ی ئازاردا واژۆیان کرد و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، هەسەدە لەسەر یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا ڕێککەوتن.


فیدان دەشڵێت: بەنیازین هەموو دەروازە سنوورییەکان وەک سیاسەتێکی گشتی بکەینەوە، بەڵام بۆ ئەوەی دەروازە سنوورییەکان بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەو دەروازانەی کە دەکەونە دەوروبەری نوسەیبین (بەرامبەر قامیشلۆی سوریا)، دەبێت ڕێکارەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی 10ی ئازار تەواو بکرێن، و حکومەتی ناوەندی لە سوریاش دەبێت بگاتە قۆناغێکی دیاریکراو.


وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا که هێزەکانی سوریای دیموکرات که هاوبەشبوون لەگەڵ ئەمریکا له بەرەنگاربوونەوەی داعش دوای ئەوەی له ساڵی 2014دا دەستی به سەر بەشێکی بەرفراوانی سوریا و عێراقدا گرت، هیچ ئامادەییەکیان نیشاننەداوه بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکان له گەڵ دیمەشق.


تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەتایبەت یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) بە بەرەیەک بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت، کە ئەنقەرە بە ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" پۆلێنی دەکات.

;