بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاگاداری جوتیاران دەكاتەوە، بەزووترین کات هەژماری بانکی (ئو پی ئێن) دروست بکەن، ئەگەرنا ناویان بۆ ساڵی 2026 ناچێتە ناو سیستەمی وەرگرتنی گەنمەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک لە ئاگادارییەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەر جوتیارێک ئەم هەژمارەی نەبێت و فۆڕمی تایبەت پڕنەکاتەوە، لە پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی جوتیاران بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی ساڵی 2025-2026 بێبەش دەبێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، جوتیاران دەتوانن لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تا 1:30ی نیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکەن بۆ کردنەوەی هەژماری (ئو پی ئێن)، دواتر دەبێت سەردانی هۆبە و بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکانی سنوورەکەیان بکەن بۆ وەرگرتنی کارتی بانکی.
بۆ راییکردنی مامەڵەکە، پێویستە جوتیار یەکێک لەم بەڵگەنامانەی پێ بێت
کارتی نیشتمانی.
یان ناسنامەی باری شارستانی (تەسکەرە) و رەگەزنامەی عێراقی، بە مەرجێک بەرواری دەرچوونی تەسکەرەکە لە ساڵی 2015 کۆنتر نەبێت.
بۆ هاووڵاتیی بیانی، دەبێت کارتی نشینگە و پاسپۆرتەکەی پێ بێت.
UPN چییە؟
ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (ئو پی ئێن) ناسێنەرێکی تایبەتی 13 ژمارەییە بۆ هەموو تاکێک لە هەرێمی کوردستان دیاری کراوە. ئەم ناسنامەیە دەروازەیەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەموو خزمەتگوزارییە دجیتاڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
