ئەمڕۆ دووشەممە ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، تاوەکو ئەم ساتە، هیچ پێشهاتێکی مەیدانیی مەترسیدار نییە، نە هاتنەناوەوەی راستەوخۆی هێزەکانی تورکیا بۆ منبج و نە هێزی پشتیوانیی نائاسایی لە دێرەزوور یان سەرێکانی.
ئاماژەی بەوەشدا، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و هێزەکان ئەرکی ئاسایی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ دەکەن.
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە، حکومەتی سووریا دەستی بە ناردنی هێزی پشتیوانیی سەربازیی نوێ بۆ سنووری دێرەزوور کردووە و سوپای تورکیاش هێزی بۆ عەفرین، سەرێ کانی و منبج ناردووە.
ئەبو عومەر ئیدلیبی سەبارەت بەو دەنگۆیانە گوتی، ئەم جۆرە هەواڵانە دەچنە چوارچێوەی شەڕی راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە کەسوکارمان دەکەین کە دوای پڕوپاگەندە و دەنگۆ نەکەون، زانیاریی تەنیا لە سەرچاوەباوەڕپێکراوەکانەوە وەربگرن. ئاسایشی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە لە پێشینەی کارەکانمانە و هیچ بڕیارێکی سەربازی یان ئاڵۆزکردن لە ئارادا نییە.
