Apora Logo

وەزیری پەروەردە: 10 ڕۆژ لە ناوەندەکانی خوێندن دەبێتە پشوو

وەزیری پەروەردە: 10 ڕۆژ لە ناوەندەکانی خوێندن دەبێتە پشوو

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە 25 تاوەکو 3ی کانوونی دووەم، لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێم پشووی سەری ساڵ دەستپێدەکات و 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

8/12/2025

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەى هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە 25ی کانوونی یەکەم لە سەرجەم قوتابخانەکان دەبێتە پشووی فەرمی و تاوەکو 3ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت، گوتیشی، ڕۆژی 4ی هەمان مانگ دەوام ئاسایی دەبێتەوە وەرزی دووەمی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.


وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، خشتەی تاقیکردنەوەکان چەند رۆژێک پێشخراوەو بەر لە پشووی سەری ساڵ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم ئەنجامدەدرێن ئەمەش لە بەرژەوەندیی قوتابیانە.'' ئاشکراشیکرد، راستەوخۆ دوای پشووی سەری ساڵ وەرزی دووەمی خویندن لەناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی دەست پێدەکاتەوە.


لەبارەی ئاماری قوتابیان، وەزیری پەروەردە گوتی: "ئەم ساڵ ملیۆنێک و 965 هەزار قوتابی لە قوتابخانە تایبەتی و حکومیەکان دەخوێنن".


ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە زیاتر لە حەوت هەزار قوتابخانە دەخوێنن، کە 57%ی قوتابخانەکان لە هەولێر و دهۆک و 43%یان لە سلێمانی و هەڵەبجەن.


;