بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، بە جلوبەرگی سەربازییەوە، نوێژی بەیانی لە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق ئەنجامدا. شەرع بەڵێنیدا سوریا بە شێوەیەک ئاوەدان بکاتەوە کە لەگەڵ ئێستا و ڕابردوویدا بگونجێت.
لە وتارێکدا دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی، سەرۆکی سوریا گوتی، داوای لە هەموو سوورییەکان دەکەم لە گۆڕەپانەکاندا کۆببنەوە بۆ ئەوەی شادی و یەکێتی نەتەوەیی نیشان بدەن.
گوتیشی، لە باکورەوە بۆ باشور، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، سوریایەکی بەهێز ئاوەدان دەکەینەوە کە پێکهاتەکانی لەگەڵ ئێستا و ڕابردوویدا بگونجێت بۆ پشتیوانیکردنی ستەملێکراوان و بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لە نێوان خەڵکدا.
بڕیارە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی زۆربەی پارێزگاکان ئاهەنگ و نمایشی سەربازی بە بەشداری فەرمی بەڕێوەبچێت.
شەرع لە ماوەی دەسەڵاتیدا، پەیوەندییەکانی دەرەوەی سوریای بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و بەدەستهێنانی پشتیوانی دەوڵەتانی کەنداو، خۆی لە کاریگەری ئێران و ڕووسیا دوورخستەوە کە پشتیوانەکانی ئەسەد بوون، لەکاتێکدا ڕۆژئاوا بە نۆرە زۆرێک لەو سزایانەیان هەڵگرت کە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندرابوون.
ئیدارەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆکایەتی کورد، پیرۆزبایی ئەو یادەیان لە سورییەکان کرد، بەڵام بە هۆکاری ئەمنی گردبوونەوە و بۆنە و چالاکییەکانی قەدەغە کرد و بە هۆی زیادبوونی چالاکییەکانی "شانە تیرۆریستییەکان" کە هەوڵدەدەن ئەو بۆنەیە بقۆزنەوە
لە 8ی کانوونی دووەمی 2024، بەشار ئەسەد کە دەسەڵاتی لە حافز ئەسەدی باوکیەوە بە میرات وەرگرتبو لە سوریا هەڵهات بۆ ڕووسیا، کاتێک یاخیبووانی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئێستا توانیان بچنە ناو دیمەشقی پایتەختەوەو دوای 13ساڵ شەڕ و پێکدادان دەسەڵاتەکەی بڕوخێنن.
بنەماڵەی ئەسەد کە سەر بە کەمینەی عەلەوییەکانن، بۆ ماوەی 54 ساڵ حوکمڕانی سووریایان کردووە.
شەڕی سوریا لە ساڵی 2011ەوە لەگەڵ دروستبوونی بەهاری عەرەبی دەستیپێکرد بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، نزیکەی پێنج ملیۆن کەسیش پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە.
