Apora Logo

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش: ئاشتی بۆ ئێمه‌ بژارده‌ نییه‌ به‌ڵكو پێویستییه‌

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش: ئاشتی بۆ ئێمه‌ بژارده‌ نییه‌ به‌ڵكو پێویستییه‌

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە، لە پەیامێکیدا بۆ کۆنفرانسی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی له‌ ئیستانبوڵ، رایگەیاند، ئاشتی بۆ ئێمە و گەلانی جیهان بژارده‌ نیی

7/12/2025

له‌ دووه‌م رۆژی "کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" كه‌ له‌لایه‌ن ده‌م پارتییه‌وه‌ له‌ ئیستانبوڵ رێكخرابو، پەیامی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری هه‌ده‌په‌ خوێندرایه‌وه‌.


 ده‌میرتاش له‌ په‌یامه‌كه‌یدا وتویه‌تی"لەم قۆناغەدا کە مرۆڤایەتی بە یەکێک لە قوڵترین قەیرانەکانی مێژودا تێدەپەڕێت، ئاشتی بۆ ئێمە و گەلانی جیهان بژارده‌ نییە، بەڵکو پێویستییە. ئەو وێرانکارییەی شەڕ، نایەکسانی، دەسەڵاتخوازی و سیاسەتی نکۆڵیکردن دروستیان کردوە؛ نەک تەنیا جوگرافیاکەمان، بەڵکو ویژدانی ئێمەشی بریندار کردوە."


 دەمیرتاش راشیگەیاندوه‌، "ئاشتی تەنیا بە دانانی چەک و بێدەنگبونیان بەدی نایەت. وەک هەموتان دەزانن، ئاشتییەکی راستەقینە بە دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە دەبێت."


وتوشیه‌تی "ئاشتی بە دامەزراندنی سیستمێک دەبێت کە تێیدا کورد، تورک، عەرەب، ئەرمەنی، سریانی، عەلەوی، سوننە، ژنان، گەنجان، کرێکاران، باوەڕداران و بێباوەڕان، هەموان هەست بکەن هاوڵاتییەکی یەکسان و ئازادی ئەم خاکەن و بتوانن لە خۆشگوزەرانیدا بژین. کۆمەڵگەی دیموکراسیی لەسەر بنەمای ترس، نیگەرانی و گوشار بنیات نانرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای متمانە و بەشداریی دیموکراسییانە بەرز دەبێتەوە."


ئەوەشی خستۆتەڕو "ئەمە گرێبەستێکی ژیانی هاوبەشە تێیدا یەک ناسنامە، یەک زمان و یەک باوەڕ نا، بەڵکو هەمو جیاوازییەکان بتوانن بەشێوەیەکی یەکسان و ئازاد هەبن. هەر بۆیە بەرگریکردن لە دیموکراسی تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مرۆییه‌."


سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆجەلان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەمیرتاش رایگەیاندوه‌ "لەم روەوە، هەڵوێستی بوێرانە و بەپەرۆشی بەڕێز ئۆجەلان زۆر بەنرخ و مانادارە. خۆزگە دەکرا ئەم هەمو حوکمدانە پێشوه‌ختانه‌ وەلا بنرێن و دەرفەتێک بڕەخسێنرێت کە بەڕێز ئۆجەلان بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە قسە بکات. ئەو کاتە دڵنیام وەڵامی بۆ هەمو ئەو کەسانەی لە تورکیا نیگەران و توڕەن دەدۆزرایەوە و رێگەش لە گومان و لێکدانەوەی ناپێویست دەگیرا."


له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌میرتاش وتویه‌تی"لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەمە بڵێم. ئاشتی بۆ هەمومان مسۆگەرە، دیموکراسی مسۆگەرە. ژیانێکی هاوبەش، یەکسان و ئازاد مسۆگەرە. لەبیرتان نەچێت کە ئەمە پرۆسەی پارچەبون و دابەشبون نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی مێژوییە کە یەکبون و یەکێتیی شکۆمەندانەی ئەو گەلانە مسۆگەر دەکات کە پێشتر پارچەپارچە کراون. با هەرگیز واز لە باوەڕبون بەمە نەهێنین، با بۆ ئەمە تێبکۆشین."

;