میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، دیمەنى سیاسی بەغداد لە قۆناغێکى دڵەڕاوکێدایە، حکومەتى عێراق هەوڵدەدات هاوسەنگى لەنێوان ئەمریکا و ئێران بپارێزێت، هەروەها هەوڵدەدات لە سزاکانى ترەمپ خۆی بەدووربگرێت.
سایتى “شێڤا ئارتۆز” و “کەناڵی ٧” ئیسرائیلی سەبارەت بە هۆکارى کشانەوەى بڕیارى بە تیرۆر ناساندنى حزبوڵا و حووسییەکان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، ڕایانگەیاند: لەدوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ بە تیرۆر ناساندنى حزبوڵا و حووسییەکان، دیمەنی سیاسی بەغدا شاهیدی پەرەسەندنی دڵەڕاوکێیەکى زۆرە.
ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی عێراق هەوڵدەدات هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە زۆر پشت بە هاوکاری ئابووریان دەبەستێت بپارێزێت، بەڵام فشارەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا قورستر بووە.
باس لەوەشکراوە، بەغداد لەوەش ترساوە بکەوێتە ناو سزاکانى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، ئەوەش کاریگەرى لەسەر ئێران دەبێت، چونکە عێراق نوێنەرایەتی دوا هێڵی ژیانی ئابووری تاران دەکات، لە دواى سزا بەرفراوانەکانی ئەمریکا.
هاوكات، ٤ـی ئەم مانگە ڕۆژنامەی وەقائعى فەرمیی عێراق بڵاوى کردەوە، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی لیژنەی بلۆککردنى پارەی تیرۆریستان لە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵای لوبنانی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کرد.
جێگای ئاماژەیە، دواتر لیژنەی بلۆککردنى پارەی تیرۆر لە بانکی ناوەندی عێراق بڵاوى کردەوە، ناوی (حزبوڵا و حووسییەکان) هێنراون و خراونەتە لیستی تیرۆرەوە هەڵەی تێدا کراوە و چاکی دەکەنەوە، دەڵێت: تەنها قاعیدە و داعش، ئەوانەی سەر بەو گرووپانەن تیرۆرستن.
