وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەموارکردنەوەی رێنماییەکانی، لەمەودوا بۆ هەر وانەیەک بڕی 4 هەزار دینار بۆ مامۆستای وانەبێژ خەرج دەکرێت.
بەپێی نووسراوێک کە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابوریی لەسەرە و بڵاوکراوەتەوە، رێنمایی دارایی ژمارە 17ـی ساڵی 2025 تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنمایی ساڵانی رابردوو بڵاوکراوەتەوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، کرێی وانەبێژی بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەن بە هەردوو شێوەی (هەمیشەیی و گرێبەست)، بۆ هەر وانەیەک بڕی 4 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.
وەزارەتی دارایی مەرجی وەرگرتنی ئەو پارەیەی بەستۆتەوە بەوەی، دەبێت مامۆستاکە بەشەوانەی خۆی بەپێی سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و باخچەی منداڵان تەواو بکات، ئینجا پارەی وانەی زیادەی بۆ هەژمار دەکرێت.
بەپێی نووسراوەکە، ئەم رێنماییە نوێیە لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
