Apora Logo

عەباس عێراقچی: ئامادەین گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکەینەوە

عەباس عێراقچی: ئامادەین گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکەینەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تاران ئامادەیە دەست بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە

7/12/2025

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تاران ئامادەیە دەست بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە، بەڵام ڕێگرییەک هەیە، کە پەیوەندیی بە پیسبوونی دامەزراوەکانەوە هەیە.

 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "کیۆدۆ"ـی ژاپۆنی ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە.

 عێراقچی ڕوونیکردووەتەوە، کە پرسی کۆبوونەوە و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا مەرجدارە و بەندە بە چۆنیەتی نزیکبوونەوە و بۆچوونی ئیدارەی کۆشکی سپی بەرامبەر بەو پرسە.

 بەگوێرەی قسەی وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ئەگەری هەیە بووبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی تیشکدەر و پیسبوونی شوێنەکە، ئەمەش ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات.

 عەباس عێراقچی داوای لە حکومەتی ژاپۆن کردووە، سوود لە ئەزموونی "وێستگەی ئەتۆمیی فۆکۆشیما" وەربگرن و هاوکاریی تەکنیکیی تاران بکەن بۆ پاککردنەوەی ئەو پیسبوونە ئەتۆمییەی لە دامەزراوەکانیاندا دروست بووە.



;