Apora Logo

مەسعود بارزانی: دەستخۆشی لە ئەردۆگان و ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا دەکەم

مەسعود بارزانی: دەستخۆشی لە ئەردۆگان و ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا دەکەم

مەسعود بارزانی لە پەیامێکی تایبەتدا کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستەنبووڵ خوێندرایەوە، رایگەیاند، "هەموو پشتیوانییەکی پڕۆسەی ئاشتی دەکەم."

6/12/2025

مەسعود بارزانی لە پەیامێکی تایبەتدا کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستەنبووڵ خوێندرایەوە، رایگەیاند، "هەموو پشتیوانییەکی پڕۆسەی ئاشتی دەکەم."

 

ئەمڕۆ شەممە، یەکەم رۆژی کارەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە لەلایەن (دەم پارتی)یە بەڕێوە دەبرێ لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکرد و بڕیارە دوو رۆژ بخایێنێت.

  

دەقی پەیامی مەسعود بارزانی کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خوێندرایەوە:

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

بەڕێزان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بەڕێزان ئەندامانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئامادەبووانی بەڕێز، رۆژتان باش و سڵاوێکی گەرم بۆ هەمووتان.

 

لە سەرەتادا دەمەوێ سوپاس و دەستخۆشی خۆم لە رێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە بکەم، هیوادارم ئەنجام و راسپاردەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی، چارەسەری کێشە و پێویستییەکانی سەردەمی قۆناخی نوێ بکات.

 

بەڕێزان؛ دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، هەموو ئاماژەکان دەرخەری دەستپێکێکی نوێن کە دەکرێ پڕبێ لە ئاستەنگی، یانیش پڕبێ لە دەرچەی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و ئاشتییانە و بە شکۆ بۆ گەلانی ناوچەکە. پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمی پێشوو وەربگرن، بە نەفەسێکی نوێ، تێڕوانینێکی روون و پڕ باوەڕیی و هیواوە رەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکەن. هەموو کاتێک گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی. لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی سوودمەند دەبێت.

 

بەڕێزان؛ لە دڵمەوە دەستخۆشی لە حکومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان، و هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە دەرگایان بۆ پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی رەخساندووە، منیش لای خۆمەوە پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات.

 

هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە دەخوازم، بمێنن لە خێر و خۆشیدا.

 

سەرۆک مەسعود بارزانی

06-12-2025



;