Apora Logo

تۆم باراک: عێراق و سوریا ئەگەری دابەشبوونیان هەیە، کوردیش ئۆتۆنۆمی پێدەدرێت

تۆم باراک: عێراق و سوریا ئەگەری دابەشبوونیان هەیە، کوردیش ئۆتۆنۆمی پێدەدرێت

نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، کێشەی عێراق و سوریا لە ئەگەری گۆڕینی دۆخەکەدایە بۆ دابەشبوون و کوردیش ئۆتۆنۆمی پێدەدرێت، هەروەها ڕەخنەی تووندیش لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا لەبارەی عێراقەوە دەگرێت.

6/12/2025

تۆم باراک نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ناشناڵ دەڵێت، کێشەی عێراق و سوریا لە ئەگەری گۆڕینی دۆخەکەدایە بۆ دابەشبوون و دروستکردنی کۆماری فیدراڵی کە تیایدا کورد ئۆتۆنۆمی پێدەدرێت، هەروەک چۆن لە یوگۆسلاڤیا ڕوویدا.


بەڵام هۆشداری دا لە مەترسییەکانی دابەشبوون و ڕێکنەکەوتن لەسەر یەک مۆدێلی فیدراڵی و ڕایگەیاند کە ڕەنگە دروستکردنی فیدراسیۆنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر کورت بخایەنێت و دواتر شەڕ دەست پێبکات.


باراک بە توندی ڕەخنەی لەو سیاسەتە گرت کە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا لە عێراق پەیڕەویان کردبوو، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران بەهێزتر کردووە و ڕێگەی پێداوە بۆشاییەکە پڕبکاتەوە.


ناوبراو گوتیشی، "ئێران هاتە ناوەوە و بۆشایی عێراق پڕکردەوە، چونکە پێکهاتەیەکی شێتانەمان دروستکرد کە کاریگەری زیاتری بە میلیشیاکانی ئێران بەخشی لە پەرلەمان".


نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا عێراقی بە نموونەیەکی ڕوونی ئەو هەڵانە زانی کە نابێت ئەمریکا دووبارەی بکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سودانی، پیاوێکی لێهاتووە، "بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینەی نییە، چونکە ناتوانێت هاوپەیمانی لە پەرلەمان پێکبهێنێت بەهۆی هێزەکانی حەشد شەعبی سەرجەم نوێنەرانیان لە پەرلەمان، کە ڕێگری لە پرۆسەکە دەکەن".


ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن بە ملیۆنان دۆلار و 20 ساڵی بەسەربردووە و ئەنجامێکی کەمی هەبووە، پێی وایە ناتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.


باراک لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام جەختی لەسەر یەکگرتوویی خاکی سوریا کردووەتەوە، هاوکات چووەتە ناو پڕۆسەی نێوەندگیری نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).


هەروەها لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ستایشی حکومەتی نوێی سوریای کرد، هەروەها ئەو ڕێگایەی کە کردوویەتییەوە لەڕووی گەڕانەوە بۆ نەخشەی دیپلۆماسی جیهانی.


شایانی باسە ئەمریکا لە مێژە هەوڵی سنووردارکردنی نفوزی ئێران لە عێراق و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات. هاوکات تاران، عێراق بە گرنگ دەزانێت بۆ بەردەوامیی خۆڕاگری ئابوورییەکەی لەژێر سزاکاندا.


ئێران لە ڕێگەی میلیشیا شیعەکانی بەهێز و ئەو پارتە سیاسیانەی کە لە بەغدا پشتیوانیان دەکات، کاریگەرییەکی بەرچاوی سەربازی و سیاسی و ئابووری لە عێراقدا هەیە. بەڵام گوشارەکانی ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا توندتر بوون و هاوکاتە لەگەڵ لاوازبوونی پێگەی ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وایکردووە زیاتر بەرەوڕووی فشارەکانی ئەمریکا ببێتەوە.

;