ڕۆژی هەینی 5ی کانونی یەکەمی 2025، حکومەتی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە کە سوریای لە لیستی "سپۆنسەرەکانی دەوڵەتی بیانی بۆ تیرۆر" لابردووە، هەروەها دەستەی تەحریر شام، ئەو گروپەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی دەکرد و ڕژێمی بەشار ئەسەدیان ڕووخاند، لە لیستی "کیانەکانی تیرۆریستی" دوورخستەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەم ڕێوشوێنە "لەگەڵ ئەو بڕیارانەدا دەگونجێت کە لەم دواییانەدا لەلایەن هاوپەیمانەکانمانەوە دراون، لەنێویاندا بەریتانیا و ئەمریکا".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە لەدوای هەوڵەکانی حکومەتی سوریا دێت بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری سوریا و بنیاتنانی ئایندەیەکی هەمەلایەنە و پارێزراو بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی، هەروەها کارکردن لەگەڵ هاوبەشە جیهانییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
ئەمریکا و بەریتانیا مانگی ڕابردوو سزاکانی سەر ئەحمەد شەراع سەرۆکی سووریایان هەڵگرت، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی هاوشێوەی دا.
شایانی باسە کە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە بەهۆی پراکتیکەکانی ڕژێمی پێشوو، زۆربەی ئەو سزایانەیان هەڵگرتووە کە بەسەر سوریادا سەپێندرابوون.
