Apora Logo

تیروپشکی مۆندیالی 2026 ڕاکێشرا

تیروپشکی مۆندیالی 2026 ڕاکێشرا

لە مەڕاسیمێکی گەورەدا تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی جیهانیی 2026 راکێشرا، کە تێیدا چارەنووسی 48 هەڵبژاردەی بەشداربوو بەسەر 12 کۆمەڵەدا ئاشکرابو.

6/12/2025

شەوی ڕابردوو لە مەراسیمێکی گەورەو ناوازەدا، کە لە ناوەندی جۆن ئێف کێنەدی لە واشنتن بەڕێوەچوو و چەندین کەسایەتیی ناسراو ئامادەی بوون، لەوانە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و لەلایەن ئەکتەری دیاری کۆمیدی کێڤن هارتەوە پێشکێش کرا. بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، پرۆسەی تیروپشکەکە بە سیستمی ژیریی دەستکرد کرا.


جامی جیهانیی 2026، درێژترین وەشان دەبێت لە مێژوودا بۆ 39 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین گۆڕانکاریی مێژوویی بەخۆیەوە دەبینێت لەوانە؛


بۆ یەکەمجار 48 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن، کە بەسەر 12 کۆمەڵەی چوار تیمیدا دابەشکراون.


هەروەها ژمارەی یارییەکان، لە 64 یارییەوە بۆ 104 یاری زیاد دەکات کە 78 یاری لە ئەمریکا، 13 لە کەنەدا و 13 یاریش لە مەکسیک دەکرێن.


سیستمی پاڵاوتن؛ یەکەم و دووەمی هەر 12 کۆمەڵەکە (24 هەڵبژاردە)، لەگەڵ 8 باشترین هەڵبژاردەی پلەی سێیەم، سەردەکەون بۆ قۆناخێکی نوێ کە قۆناخی 32ـە.


خەڵاتە داراییەکان؛ کۆی گشتیی خەڵاتە داراییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گەیشتووەتە 652 ملیۆن دۆلار (مۆندیالی پێشوو 440 ملیۆن بوو).

هەڵبژاردەی براوە بڕی 50 ملیۆن دۆلار

وەردەگرێت (پێشتر 42 ملیۆن بوو).

پلەی دووەم: 35 ملیۆن دۆلار.

پلەی سێیەم: 32 ملیۆن دۆلار.

تەنانەت ئەو هەڵبژاردانەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دەردەکرێن، بڕی 9 ملیۆن دۆلار وەردەگرن.


یاری کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە ڕۆژی 11ی حوزەیرانی 2026 لە نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور دەبێت و یاریی کۆتاییش رۆژی 19ـی تەممووز لە یاریگەی مێت لایف لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.



تیروپشکی کۆمەڵەکانی جامی جیهانیی 2026 بەم شێوەی خوارەوەیە:-


کۆمەڵەی A: مەکسیک، کۆریای باشوور، ئەفریقای باشوور، براوەی پاشکۆی D


کۆمەڵەی B: کەنەدا، سویسرا، قەتەر، براوەی پاشکۆی A


کۆمەڵەی C: بەرازیل، مەغریب، سکۆتلاند، هایتی


کۆمەڵەی D: ئەمریکا، ئوسترالیا، پاراگوای، براوەی پاشکۆی C


کۆمەڵەی E: ئەڵمانیا، ئیکوادۆر، کۆتدیڤوار، کوراساو


کۆمەڵەی F: هۆڵەندا، ژاپۆن، تونس، براوەی پاشکۆی B 


کۆمەڵەی G: بەلجیکا، ئێران، میسر، نیوزیلاند


کۆمەڵەی H: ئیسپانیا، ئۆرۆگوای، سعودیە، کابۆ ڤێردی


کۆمەڵەی I: فەرەنسا، سەنیگال، نەرویج، براوەی پاشکۆی 2 (نێودەوڵەتی)


کۆمەڵەی J: ئەرجەنتین، نەمسا، جەزائیر، ئوردن


کۆمەڵەی K: پۆرتوگال، کۆڵۆمبیا، ئۆزبەکستان، براوەی پاشکۆی 1 (نێودەوڵەتی)


کۆمەڵەی L: ئینگلتەرا، کرواتیا، پەنەما، گانا


تێبینی: عێراق لە پاشکۆی 2 دایە، رووبەڕووی یەکێک لە سوورینام و بۆلیڤیا دەبێتەوە؛ ئینجا ئەگەر سەرکەوت، رووبەڕووی فەرەنسا، سەنیگال و نەرویج دەبێتەوە.

;