نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەو قۆناغە کرد کە لە پرۆسەی ئاشتی پێیگەیشتووە کە بە فەرمی بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناودەبرێت و ڕایگەیاند: “دەچینە ڕۆژانێکەوە پێویستە هەزار جار بیر بکەینەوە و یەک جار قسە بکەین.
کۆمسیۆنی هاودەنگیی نەتەوەیی، برایەتیی و دیموکراسیی کە بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر دامەزراوە، بە سەرۆکایەتی نوءمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە بینای پەرلەمان لە ئەنقەرە کۆبووەوە.
لە وتارێکیدا کە لە دەستپێکی ١٩هەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکە پێشکەشی کرد، کورتوڵموش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کارەکان دەچنە ناو هەستیارترین، گرینگترین و ناسکترین قۆناغەوە.
ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستا بە هەستیاری و فیداکارییەوە کارەکانیان بەڕێوەبردووە و، گەیشتوونەتە ئەم خاڵە و ڕایگەیاند: “ئیدی لەمەودواش چەند ئەرکێکی سەرەکی دیکە جێبەجێ دەکەین و ئەنجامەکانمان پێشکەش بە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دەکەین. هیوادارم کارەکانمان بە خێر بە ئەنجام بگەن”.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” تەنیا بریتی نییە لە کارەکانی ئەم لیژنەیە، بەڵکو تەنیا بەشێکە لە بابەتەکە.
کورتوڵموش ئاماژەی بەو قۆناغە کرد کە لە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر”دا پێیگەیشتوون و، ڕایگەیاند: “دەچینە ڕۆژانێکەوە پێویستە هەزار جار بیر بکەینەوە و یەک جار قسە بکەین. سەرەتا پێویستە هەمووان ئەم قۆناغە هەستیارەی داهاتوو نەکەنە ماددەی هەڵوێستە سیاسییەکانیان. هەموومان بیرۆکەی سیاسیی جیاواز و پارتە سیاسیی جیاواز و تێگەیشتن و بۆچوونی جیاوازمان هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە خاڵی هاوبەشمان ئەوەیە، با ئیتر چەک لەم وڵاتە بێدەنگ بێت، تیرۆر کۆتایی بێت، دایکان نەگریەن، وەجاغەکان نەکوژێنەوە و ئایندەی ئەم نەتەوەیە بە هیچ شێوەیەک نەدرێتە دەست دەستە تاریکەکان. بۆیە بە تایبەتی داوا لە هەمووتان دەکەم پرسەکە نەکرێتە ماددەی سیاسیی”.
وتیشی: “لە قۆناغی دواتردا دەچینە قۆناغی ڕاپۆرت نووسینەوە. واتا دوای کارەکانی کۆمسیۆن، هیوادارم بتوانین ڕاپۆرتێک ئامادە بکەین کە تیایدا دیدی خۆمان بۆ بەدیهێنانی ‘تورکیای بێ تیرۆر’ بەش بکەین، بە تایبەت لەگەڵ ئەو هەستە هاوبەشانەدا، ئەگەر بکرێت بیروبۆچوونە هاوبەشەکانمان بڵاوبکەینەوە”.
